بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  24 جار خوێنراوەتەوە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، پلەکانی گەرما لەنێوان 27 بۆ 44 پلەی سیلیزیدا دەبن و سبەی ئێوارەش ئەگەری بارینی نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 5-9-2026 ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ لەنێوان پێنج بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و هەندێک کات دەگاتە سەرووی 25 کیلۆمەتر، مەودای بینینیش لەنێوان هەشت بۆ 10 کیلۆمەتردا جێگیر دەبێت.

بەپێی پێشبینییەکان، بەرزترین پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەبن؛

لە گەرمیان بەرزترین پلە تۆمار دەکرێت کە 43 پلەی سیلیزییە
لە هەولێر، چەمچەماڵ، زاخۆ و هەڵەبجە 40 پلە
لە دهۆک 39 پلە
لە سلێمانی 38 پلە
لە پیرمام 37 پلە
نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران دەبێت بە 28 پلەی سیلیزی

کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ سبەی یەکشەممە 6-9-2026 ئاسمان بە ساماڵ و پەڵەهەور دەمێنێتەوە، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و ئەگەری بارینی نمەبارانێکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک هەیە.

بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی دەریای سپی ناوەڕاست، بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و هەورە برووسکە و چەخماخەی لەگەڵدا دەبێت، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە