قوباد تاڵەبانی: لە دوبەی رێککەوتنێکی نوێمان بۆ پشتگیریکردنی گەنجان ئەنجامدا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
82 جار خوێنراوەتەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، لە شاری دوبەی رێڕەوێکی نوێیان بەڕووی داهێنان، کارسازی و پەرەپێدانی توانای گەنجانی کوردستاندا کردووەتەوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژی بەوەکردوە، ئەم هەنگاوە لە رێگەی ئیمزاكردنی رێککەوتنێکی هاوبەش لە نێوان ناوەندی داهێنانی (DIFC) لە دوبەی و دامەزراوەی "فاوندەیشن" ئەنجامدراوە، کە ئامانج لێی بەستنەوەی کۆمپانیا نوێیەکان (ستارتئەپەکان)ی کوردستانە بە بازاڕی دوبەیەوە.
جەختیشیکردوەتەوە، لە رێگەی ئەم رێککەوتنەوە، وەبەرهێنەرانی ئیماراتی و هاوبەشانی ناوەندی DIFC هاوکاری و پشتیوانی پێشکەشی ئەو کۆمپانیانە دەکەن، کە پشتیان بە بیرۆکەی داهێنەرانە بەستووە و دەرفەتی گەشەکردنیان زیاترە.
وتیشی دەرگایەکی نوێ بۆ کارسازان و گەنجانی هەرێم دەکاتەوە تا بزنسەکانیان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بپەڕێننەوە و هاوکات شاری سلێمانیش وەک ناوەندێکی گرنگی داهێنان لە ناوچەکەدا بناسێنرێت.
دامەزراوەی فاوندەیشن، کە وەک پلاتفۆرمێک بۆ خزمەتکردنی کوردستان و هەموو عیراق کار دەکات، لە رێگەی ئەم هاوبەشییەی لەگەڵ DIFC دەیەوێت یارمەتی ستارتئەپەکان و کارسازانی داهێنەر و دەستپێشخەر بدات تا بتوانن داهێنان و بزنسەکانیان بە جۆرێک پەرەپێبدەن کە توانای رکەبەرییان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا هەبێت.
|