مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام کۆبوونەوە
2025-03-16
68 جار خوێنراوەتەوە
بافڵ تاڵەبانی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی گەیشتە پیرمام، دوای زیاتر لە کاتژمێرێکیش، کۆبوونەوەکەیان کۆتاییهات.
دوێنێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو؛ کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستانە؛ هەروەها باس لە خۆئامادەکردنە بۆ گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵیان.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە میدیاکانی وتبوو "کۆبوونەوەکە بۆ تەواوکردنی ئەو بابەتانەیە کە لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا یەکلایی نەکراونەتەوە."
پارتی و یەکێتی لە رێگەی لیژنەوە چەند جارێک کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسیی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و بەدوایدا نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا.
|