"ئەمریکا بە نهێنی و لە رێگەی نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆی لەگەڵ ئێران کردووە"

59   خولەک پێش ئێستا  290 جار خوێنراوەتەوە

ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، لە کاتی ئاڵۆزبوونی دانوستاندنەکاندا و نەمانی کەناڵی پەیوەندی لەنێوان واشنتن و تاراندا، ئیدارەی ئەمریکا پەنای بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بردووە بۆ ئەوەی نێوەندگیرییان لەنێواندا بکات، لەبەر ئەوەی لەلایەن کۆشکی سپی و سوپای پاسدارانیشەوە متمانەی پێ دەکرێت.

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە نێوەڕاستی مانگی ئایار، کاتێک دانوستاندنکارانی ئەمریکا هەوڵیان دەدا لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بوونەوە. نەیاندەزانی ئایا ئەو بەرپرسە ئێرانییانەی گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن، بەڕاستی نوێنەرایەتیی قسەی سوپای پاسدارانیش دەکەن یان نا.

دەشڵێت لێرەدا بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ کارێکی نائاساییان کرد؛ ئەوان تیمی دانوستاندنکاری ئێرانییان پشتگوێ خست و راستەوخۆ پەیوەندییان بە سەرکردایەتیی سوپای پاسدارانەوە کرد، ئەو کەسەی کە بۆ ئەم کارە نهێنییە وەک کەناڵێکی متمانەپێکراوی پەیامگۆڕینەوە هەڵیانبژارد، نێچیرڤان بارزانی بوو؛ سەرکردەیەک کە خاوەنی شتێکە کەم کەسی دیکە هەیەتی: "متمانەی سەرکردایەتیی ئەمریکا و سوپای پاسداران."

ئەم رووداوە کە ئەمە یەکەم جارە لە میدیاکاندا باس بکرێت، لەلایەن سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە وردەکارییەکەی گێڕدراوەتەوە و نیشانی دەدات چەندە قورسە بۆ ئەمریکا دانوستاندن لەگەڵ وڵاتێک بکات کە نازانێت بەدیاریکراوی کێ تێیدا بڕیار بەدەستە.

هەرچەندە ئەمریکا و ئێران گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک، بەڵام زۆری نەخایاند هەرەسی هێنا، کێشەی سەرەکیی ئیدارەی ترەمپ ئێستا و لە هەر دانوستاندنێکی داهاتوودا ئەوەیە، دڵنیا بێت لەوەی کە قسە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە بڕیاری کۆتایی دەدەن، ئەمەش پێویستی بە دۆزینەوەی نێوەندگیرێک هەیە کە هەم کۆشکی سپی و هەم ئێران متمانەیان پێی هەبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە