مەسعود بارزانی: هیچ ئاستەنگێک ناتوانێت ڕێگر بێت لەبەردەم خزمەتکردنی خەڵکدا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  35 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی لە ساڵیادی دامەزاندنی پارتی دەڵێت، "ئەركی سەرەكیی پارتی خزمەتكردنی گەلی كوردستانە و هیچ كۆسپ و ئاستەنگێك ناتوانێت ڕێگر بێت لەبەردەم ئەم ئەركە پیرۆزەدا".

ئەمڕۆ یەکشەممە مەسعود بارزانی بەبۆنەی شازدەی ئاب و یادی هەشتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە کەسوکاری شەهیدان، سەرکردایەتی و ئۆرگانەکان، کادیران، ئەندامان، لایه‌نگران و جەماوەری پارتی کرد.

دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی شازدەی ئاب و یادی هەشتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، سەرجەم جەماوەر و لایەنگرانی پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم.

پارتی لەپێناو گەڕاندنەوەی هیوا و هێز بۆ گەلی كوردستان لە سەردەمێكی سەخت و دژواردا دامەزرا. بە درێژایی مێژووی خەباتی خۆی، پارتی قوتابخانەی تێكۆشەر و شۆڕشگێڕانی كوردستان بووە و لە هەموو قۆناغەكاندا بەرگریكارێكی سەرسەختی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بووە. پارتی لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوودا ئامرازێكە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و بەجێگەیاندنی ئامانج و بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.

پارتی بڕوای پتەوی بە پێكەوەژیان، برایەتی و تەبایی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق هەیە، هەروەها پڕەنسیپی هاوبەشی و ڕێزگرتن لە دەستوور بە زامنی سەقامگیری، ئارامی و بووژانەوە لە هەموو عێراقدا دەزانێت.

لە یادی شازدەی ئابدا، پەیامم بۆ جەماوەر، لایەنگران و ئەندامانی پارتی ئەوەیە كە پارتی سەرچاوەی هێزی گەلی كوردستانە؛ ئەركی سەرەكیی پارتی خزمەتكردنی گەلی كوردستانە و پشت بەخوای گەورە و ئیرادە و هیمەتی ئێوە و هەموو خەڵكی كوردستان، هیچ كۆسپ و ئاستەنگێك ناتوانێت ڕێگر بێت لەبەردەم ئەم ئەركە پیرۆزەدا.

لەو بۆنەیەدا یادی هەموو ئەو شەهیدانە، پێشمەرگە، تێكۆشەر و قارەمانانە بەرز ڕادەگرین كە بە درێژایی خەباتی پارتی قوربانییان داوە. هەروەها پێزانینم بۆ ڕۆڵی كادیران، ئەندامان و جەماوەری خۆشەویستی پارتی هەیە كە دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە لە هەموو بارودۆخێكدا پشتیوانی پارتەكەیان بوون و مێژوو و شانازییان بۆ گەلەکەیان تۆمار كردووە.

مەسعود بارزانی

16ی ئابی 2026


   ئەمانەش بخوێنەرەوە