وەزیری سامانە سروشتییەکان : نرخی بەنزینی سۆپەر و موحەسەنیش دادەبەزن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  303 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینی نۆرمال بە نرخی 750 دینار دابەش دەکرێت. دەشڵێت، نرخی بەنزینی موحەسەن و سۆپەریش دادەبەزێت.

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژی شەممەوە، 15ـی ئاب، دابەشکردنی بەنزینی نۆرمالی پاڵشپتیکراو لە لایەن حکوومەتەوە بە نرخی 750 دینار دەستی پێکردووە.

بە وتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، رۆژانە بڕی سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینی نۆرماڵی 750 دیناری بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێت، ئەم هەنگاوە بە پاڵپشتی راستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بەردەوامیش دەبێت.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بە دۆخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر کرد و رایگەیاند، ئەمانە بازرگانین و کەرتی تایبەت هاوردەی دەکات، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا، بڕێکی زۆر و پێویست دەخرێتە بازاڕەوە و ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەنزینی نۆرمال و نرخی ئەو دوو جۆرە بەنزینەش دادەبەزێت.

سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لەو بەنزینەی لە حکوومەتی فیدراڵییەوە دێت، وەزیری سامانە سروشتییەکان روونیکردەوە، لە ئێستادا بەغدا تەنیا یەک ملیۆن و 750 هەزار لیتر بەنزین دابین دەکات، لە کاتێکدا نزیکەی دوو ملیۆن و 800 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەن، بەو پێیە بێت ئەو بڕەی بەغدا دەینێرێت بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک یەک لیتر بەنزینیش بەرناکەوێت.

جەختی لەوە کردەوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بۆ ئەوەی رێککەوتنێک بکرێت تا پشکی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل، ژمارەی دانیشتووان یان پارێزگاکان دیاری بکرێت و بڕەکەی زیاد بکرێت.

بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی و دڵنیابوون لە گەیشتنی بەنزینە پاڵپشتیکراوەکە بۆ دەستی هاووڵاتییان، کەمال محەممەد ئاشکرای کرد، چاودێرییەکی تووند خراوەتە سەر کارەکە و گوتی هەنگاوەکە حکوومییە و کەرتی تایبەت تەنیا لە گواستنەوەکەدا بەشدارە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە