پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکانی عێراق دان بە تۆمەتەکانیاندا دەنێن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  252 جار خوێنراوەتەوە

بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، ئەو پەرلەمانتارانەی دەستگیر کراون دانیان بەو تۆمەتانەدا ناوە کە لەلایەن دادگاوە ئاڕاستەیان کراوە، ئەویش تێوەگلانە لە گەندەڵی.

ڕۆژنامەی عەرەبی جەدید ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆسییەی گەندەڵی بەرپرسانی و ئەو پەرلەمانتارانەی دەستگیر کراون بڵاوکردەوە.

 بەپێی ڕاپۆرتەکە، تا ئەمڕۆ نزیکەی ٥٠ کەس بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون و هاوکات ١٢ کەسیش کە ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و بەشێک لە ڕاوێژکاری پێشووی حکومەت لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا دەستبەسەرن.

ئەوان لە دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵیدا دەستبەسەرن کە عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراقی تێدایە، کە دوای دەستگیرکردنی مانگی رابردوو دانی ناوە بەوەی بەرپرسانی دیکە تێوەگلاون لە مامەڵە و گرێبەستە گەندەڵییەکان، کە ملیۆنان دۆلاریان لێ وەرگرتووە.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردوەتەوە، ئەو کەسانەی دەستگیر کراون لە ژێر لێکۆڵینەوەی بەردەوامدان و ڕێگە بە کەس نادرێت سەردانیان بکات و بیان بینێت، لەبەر ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان، بەڵام وەک ڕۆژنامەکە باسی کردوە ئەو پەرلەمانتارانەی گیراون دانیان ناوە بەوەی تێوەگلاون لە گەندەڵی.

ئەو سەرچاوانەی بۆ رۆژنامەکەش قسەیان کردوە، ڕەتیانکردوەتەوە دەستگیرکراوەکان هیچ ئەشکەنجەیەک درابن، بەڵکو خۆیان هەر لە قۆناغەکانی یەکەمی لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تۆمەتەکانیاندا ناوە کە ئاڕاستەیان کراون.

هاوکات ئەو ڕۆژنامەیە ئەوەشی ئاشکرا کردوە، بەشێک لە دەستگیرکراوەکان بەهۆی ئەو دۆخەی تێیکەوتوون باری تەندرووستیان تێکچووە و بەتایبەت لە ڕووی دەروونییەوە لە دۆخێکی نائاساییدان، دەشڵێت: دەستگیرکراوەکان ڕێگای پەیوەندییەکی سنوورداری کۆنترۆڵکراویان پێدراوە کە لەگەڵ کەسوکارییان قسە بکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە