دەستەی نەزاهە: دەرچەکانی قاچاخیکردن بە پارەەوە وشک دەکەین

1     کاتژمێر پێش ئێستا  45 جار خوێنراوەتەوە

دوای ئەو هەڵمەتەی هەڵکوتانەسەرەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ڕویدا و دەیان بەرپرسی تۆمەتبار بە گەندەڵی دەستگیرکران، دەستەی نەزاهەی عێراق رایگه‌یاند، بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی قاچاغی پارە.

محەمەد عەلی اللامی، سەرۆکی دەستەی نه‌زاهه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشەممە رایگه‌یاند، لەگەڵ نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رێککەوتون لەسەر وشککردنی دەرچەکانی قاچاغی پارە.

هاوكات جه‌ختی له‌ سه‌ر گرنگیی لێکۆڵینەوە داراییە هاوتەریبەکان بە ئامڕازێکی کاریگەر بۆ بەدواداچونی دەستکەوتەکانی تاوانی گەندەڵی و ئاشکراکردنی ڕێڕەوەکانیان.

هاوكات باسی له‌ پێویستی کۆنتڕۆڵکردنی دەرچەکانی قاچاغی پارە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەهێزکردنی نەزاهە كرد، لە ڕێگەی یەکخستنی هەوڵەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.

سەرۆکی دەستەی نه‌زاهه‌ی عێراق باسی له‌وه‌كرد، لە میانەی دیدارەکەیدا لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی، ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان تاوتوێ کردوە، بەجۆرێک کە پشتگیری لە هەوڵەکان بکات بۆ پاراستنی سیستەمی دارایی، چەسپاندنی بنەماکانی شەفافییەت، و پشتیوانی یەکتر لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانەی کە بۆ سنوردارکردنی تاوانەکانی گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە و سەرپێچییە داراییەکان پێویستن.

لەلای خۆیەوە، نزار ناسر، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق جەختی لە "گرنگیی بەڵگەدارکردنی هاوکاری لەگەڵ دەزگا چاودێرییەکان کردەوە؛ چونکە ئەوە کاریگەری دەبێت لە پاراستنی سامانی گشتی، سنوردارکردنی گەندەڵی و پێشێلکارییە داراییەکان، بەهێزکردنی متمانە بە سیستەمی دارایی، و چەسپاندنی پێوەرەکانی شەفافییەت".

ئه‌و هەوڵانە دوای ئەوە دێن کە دادوەر مونیر حەداد، ڕاوێژکاری یاسایی، ئاشکرای کردوه‌ کە قەبارەی ئەو پارانەی لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا بە تاڵان براون، سنوری دو ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندوە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتبارانی دەستگیرکراو بەردەوامە و هیچ ئامارێکی کۆتایی لەسەر ژمارەی دەستگیرکراوان نییە چونکە بەردەوام لە زیادبوندایە".

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق وتیشی، "تۆمەتبارە سەرەکییەکانی ئێستا دانیان بە وردەکارییەکاندا ناوە، کە بوە هۆی ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان و دادوەرییەکان دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دیکەش ئەنجام بدەن".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە