سوپای پاسداران لەبارەی گەرووی هورمز هۆشداریی توند دەداتە ئەمریکا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
135 جار خوێنراوەتەوە
قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، تەنگەی هورمز "مەیدانی یاریی واشنتن نییە" و هەر جۆرە دەستوەردانێک لەو ناوچەیە، رووبەڕووی وەڵامی خێرا و یەکلاکەرەوەی هێزە چەکدارەکانیان دەبێتەوە.
قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تەنگەی هورمز قەڵەمڕەوی سەروەریی بێ ئەملاو ئەولای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و پاراستنی ئاسایشی ئەم رێڕەوە ئاوییە "هێڵی سووری" هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیانە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پێویستە هەموو کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان بۆ هەر جۆرە هاتووچۆیەکی ئارام، تەنیا ئەو رێڕەوانە بەکاربهێنن کە لەلایەن ئێرانەوە دیاریکراون. هۆشداریش دەداتە کەشتییەکان و دەڵێت: "هەر جۆرە سەرپێچییەک لە پرۆتۆکۆڵە دەریاییەکان، رووبەڕووی وەڵامی بەهێزی هێزە چەکدارەکان دەبێتەوە و ئاسایشی کەشتییە سەرپێچیکارەکان دەخاتە مەترسییەوە."
قەرارگەی خاتەمولئەنبیا جەخت دەکاتەوە ئامادەبوونی فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی تەنگەکەدا، دەبێتە هۆی نائارامی و هەڕەشە بۆ سەر سەروەریی نیشتمانیی ئێران. راشیگەیاندووە: "بەرپرسیارێتیی هەر کردارێکی تێکدەرانە لە ئەستۆی ئەمریکایە و ئێران لە تێکشکاندنی هەر دەستدرێژییەک دەست لە هیچ هەنگاوێک ناپارێزێت."
ئەم هەڕەشانەی ئێران لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو لە چوارچێوەی "رێککەوتننامەی ئاشتی" لە نێوان تاران و واشنتن، بڕیاردرابوو بۆ ماوەی 60 رۆژ تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ پارە مسۆگەر بکرێت، تاوەکو ئەو کاتەی دانوستاندنەکان لەسەر وردەکارییەکان دەگەنە ئەنجام.
سەرەڕای زیادبوونی هاتووچۆی کەشتییەکان، بەڵام هێشتا ئاستی گواستنەوەی وزە لە تەنگەی هورمز نەگەیشتووەتەوە ئاستی پێش جەنگ، کە رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی پێدا تێدەپەڕی.
|