گەشتی عومرە نرخەکەی بۆ 325 دۆلار دابەزیوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  61 جار خوێنراوەتەوە

نرخی گەشتی عومرە دابەزی، بە جۆرێک گەشتێکی 10 رۆژی کە هاتن و چوون بە وشکانی و مانەوەی نۆ شەو لە هۆتێل لەخۆی دەگرێ، بە 325 دۆلارە.

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی وتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چاودێریی کواڵیتی گەشتەکان، رێگەی نەداوە نرخی گەشتی عومرە جێگیر بێ، ئەوەش بۆ رکاربەری کۆمپانیاکان لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیان".

نرخی گەشتەکان بە خزمەتگوزاریی زیاترەوە 100 دۆلار زیاترە. لەبارەی نرخی گەشتی عومرە بە رێگەی ئاسمانی، کاروان ستوونی گوتی: "لە دوای رێوڕەسمەکانی حەجەوە گەشتی ئاسمانیی عومرە دەستیپێنەکردووەتەوە، بۆیە نرخەکەی روون نییە جارێ".

وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەموو ئاسانکارییەک کراوە بۆ کۆمپانیاکانی حەج و عومرە بۆ ئەوەی بە کەمترین نرخ گەشتەکان رێکبخەن".

تێچووی گەشتی عومرە بەگوێرەی وەرزەکان دەگۆڕدرێ، لە وەرزی رابردوودا گەشتی وشکانی بە نزیکەی 500 دۆلار بوو، بەڵام لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ کە هاوکات بوو لەگەڵ مانگی رەمەزان، گەشتێکی عومرە بە هەمان رێگەی وشکانی گەیشتە نزیکەی هەزار دۆلار.

کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەشکرد: "هەر کەسێک گەشتی عومرەی کرد و خزمەتگوزاری کۆمپانیاکەی وەک پێویست نەبوو، ئاگادارمان بکاتەوە بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوە دەکەین و هەر کۆمپانیایەک کەمتەرخەمی کردبێت سزای یاسایی دەدرێ".

ساڵانە لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی ئاسمانیی و وشکانییەوە، زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە دەچنە سعودیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە