بەهۆی گەرماوە لە فەرەنسا زیاتر لە 300 کەس خنکاون

2   کاتژمێر پێش ئێستا  218 جار خوێنراوەتەوە

وەزیرێکی حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، لەم هاوینەدا وڵاتەکەی خنکانی زیاتر لە 300 کەسی تۆمارکردووە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، خنکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبووە و هۆکارەکەشی بۆ ئەو شەپۆلە گەرمایانە گەڕاندەوە کە کیشوەری ئەورووپایان گرتووەتەوە.

مارینا فێراری، وەزیری وەرزش و لاوانی فەرەنسا بە رادیۆی (فرانس ئینتەر)ی راگەیاند، لە 19ـی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا 301 کەس خنکاون، کە ئەمەش بەراورد بە هاوینی ساڵی 2025، بە رێژەی 14٪ زیادی کردووە.

وەزیرەکە ئەمەی بە "ئامارێکی خەمناک" ناوبرد و وتی، ئەم زیادبوونە "هاوتەریبە لەگەڵ ئەو شەپۆلە گەرما یەک لەدوای یەکانەی" کە زۆر لە وڵاتانی ئەورووپایان گرتووەتەوە، کە دیاردەیەکە شارەزایان دەڵێن، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوەیە کە مرۆڤ دروستی کردووە.

مارینا فێراری روونیکردەوە: "بەهۆی گەرماوە، خەڵکێکی زۆر ویستوویانە بچنە نێو ئاوەوە، کە زۆرجار بە شێوەیەکی پڕ لە مەترسی و سەرکێشی ئەو کارەیان کردووە."

ئاماژەی بەوەش کرد: "زۆر لەو رووداوە کوشندانە لەو ناوچانە روویانداوە کە مەلەکردن تێیاندا رێگەپێدراو نییە، یان تیمی چاودێری و رزگارکەریان لێ نییە."

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر لە 15ـی تەممووز، فێراری لە یەکەمین ئاماری سەرەتایی هاویندا رایگەیاندبوو کە 142 کەس بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە