زەویی دەدرێتە زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان
1 کاتژمێر پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە بەغدایە بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی سێ دۆسیەی گرنگ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کە بریتین لە یەکسانکردنی ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی، چارەسەرکردنی پرسی کەسوکاری شەهیدان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکردن بووە لەبارەی هاوتاکردنی ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی عێراق. ئەم پرسە لە ساڵی 2013ـەوە بەهۆی "بارگرانیی دارایی" لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەبارەی سەردانەکەیان بۆ بەغدا رایگەیاند، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق، رێککەوتنی سەرەتایی کراوە و جەختی لەوەکردەوە: "سەرۆکوەزیران سێ لایەنی راسپارد، کە بریتین لە ئێمە (وەزارەتی شەهیدان)، وەزارەتی داراییی عێراق و دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق، بۆ ئەوەی پێکەوە رێکارەکان یەکلایی بکەینەوە."
بە وتەی وەزیری شەهیدان، یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بڕی ئەو مینحەیە کە بە زیندانیانی سیاسی دەدرێت. لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە، لە کاتێکدا لە بەغدا ملیۆنێک و 200 هەزار دینارە، جگە لە ماف و ئیمتیازاتی دیکە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود روونیکردەوە، "ئەوەی گرنگە و ماوەتەوە، ئەو کۆبوونەوەیەیە کە لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەکرێت بۆ دیاریکردنی چۆنیەتیی تەرخانکردنی بودجە لەسەر بودجەی گشتیی عێراق و جێگیرکردنی لە یاسای بودجەدا."
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 هەزار دۆسیەی زیندانیی سیاسی پشتڕاستکراونەتەوە. وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتی: "کێشەمان ژمارە نییە، کێشەمان ئەوەیە کەسەکە بەپێی یاسا شایستە بێت و بەڵگەی هەبێت کە زیندانیی سیاسی بووە."
سەبارەت بە پێدانی زەوی بە زیندانیانی سیاسی، کە یەکێکی دیکەیە لە جیاوازییەکان، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود ئاماژەی بەوەکرد: "تەنیا بابەتی زەوی رەنگە جیاوازیمان هەبێت. ئەو زیندانیانەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، لە چوارچێوەی یاساکانی عێراق زەوییان پێدەدرێت، بەڵام بۆ ئەوانەی نێو هەرێمی کوردستان، دەبێت خۆمان زەوییان بۆ دابین بکەین و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی نیشانداوە."
|