قالیباف: وڵاتانی دراوسێ خواستی هاوکاریی ئابوورییان هەیە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  182 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت، پەیامی زۆریان لە وڵاتانی دراوسێوە پێگەیشتووە بۆ داڕشتنی سیستەمێکی نوێی ئەمنی و ئابووری لە ناوچەکەدا، هێرشی تووندیش دەکاتە سەر ئەمریکا بە هۆی پشتیوانیکردنی بێسنووری بۆ ئیسرائیل.

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لە گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

لە پەیامەکەیدا قالیباف نووسیویەتی: "پەیامی زۆرمان لە وڵاتانی دراوسێوە پێگەیشتووە سەبارەت بە داڕشتنی رێکخستنی نوێی ئەمنی و هاوکاریی ئابووری لە ناوچەکەدا." 

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی واشنتن گرت و رایگەیاند، ئەمریکا ئاسایشی هەموو هاوپەیمانەکانی خۆی خستووەتە مەترسییەکی زۆرەوە.

ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا لە رێگەی خۆسەپێنی و پشتگوێخستنی تەواوەتیی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانەکانی لە پێناو ئیسرائیلدا، وای کرد بۆ ماوەیەک ئەو وڵاتانە تەواوی مانەوەی خۆیان لە مەترسیدا ببینن.

محەممەد باقر قالیباف جەختی لەوە کردەوە، تەنیا سیستەمێکی ناوخۆیی و سەربەخۆ دەتوانێت لە راستیدا ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە دابین بکات.

لێدوانەکانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای گەشتێکی سێ رۆژەی دێت بۆ عێراق لە ناوەڕاستی مانگی ئابی 2026، لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆ بووەوە. لە میانی سەردانەکەیدا، قالیباف چەندین جار جەختی لە دروستکردنی "سیستەمێکی نوێی ناوچەیی" کردەوە بەبێ دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە