لاهور شێخ جەنگی: ڕەنگە پێش هەڵبژاردن، گۆڕانكاریی لەعێراق ڕوو بدات
2025-03-14
445 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆكی بەرەی گەل ڕایگەیاند، گۆڕانكاری لە عێراقیش ڕوودەدات و سزا بۆ سەر چەند كەسایەتییەك بەڕێوەیە و دەشڵێت: ئێران پێشنیاری ١٤ كورسی بۆ كردم و ڕەتمكردەوە، مەسروور بارزانی پەیوەندی پێوەكردم و پێم وت، لەوانەیە من بەشداری حكومەت نەكەم.
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل سەبارەت بە دۆخی ناوچەكە و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و دۆخی عێراق، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی (دیجلە) ڕایگەیاند، مەسروور بارزانی پەیوەندی پێوەكردم تاوەكو بەشداری حكومەتی داهاتوو بكەم ، پێم وت لەوانەیە من بەشداری حكومەت نەكەم، بەڵام ئەگەر حكومەتی داهاتوو وەك ئێستابێت من یەكەم كەس دەبم دژت دەوەستمەوە.
وتیشی: كاربەدەستانی ئەمنی ئێرانی پێشنیاری ١٤ كورسیان بۆ كردم بە مەرجێك بە داواكارییەكانی ئەوان ڕازی بم، پێش هەڵبژاردن ئێرانییەكان پێیان وتم دوو كورسی پەرلەمانی بەدەستدەهێنیت، لە ڕاستییدا كورسی زیاترمان بەدەستهێنابوو، بەڵام ئەم دوو كورسییەمان لە ئەنجامی دەستوەردانی ئێرانییەكان بە دەستهێنا.
چەند وتەیەکی لاهور شێخ جەنگی لە چاوپێكەوتنەكە بەمشێوەیەیە بوو:
– بە تەواوەتی دژی دابەشبوونی هەرێمم بۆ دوو ئیدارەی جیا .
– لە سەردانەكانم بۆ بەغدا بەڕێز نوری مالكی و محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆكی دادگای باڵام بینی و پەیامی ئەمریكییەكانم پێگەیاندن.
– لە ڕابردوودا مام جەلال بە دوو ڕۆژ كێشەكانی چارەسەر دەكرد، بەڵام ئێستا كەسێك نییە لە بەغدا قسەی لەگەڵدا بكرێت و خاوەن بڕیار بێت.
– لەوانەیە پێش هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، گۆڕانكاری لە عێراق ڕوو بدات.
– دەبێت خۆمان بۆ ئەو گۆڕانكارییانە ئامادە بكەین كە لە لوبنان و سووریاوە دەستی پێكردووە.
– ئەمریكییەكان پێیان وتم سزا بەسەر دامەزراوە و بانك و كەسایەتییە سیاسییەكانی عێراق دەسەپێنین.
– دەبێت عێراق چارەسەری كێشەی حەشدی شەعبی بكات، بیخاتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەوە، چونكە ئەمریكا قبوڵی ناكات بەم شێوەیە بن.
– ئیدارەی نوێی ترامپ، ناوەندی نییە یان ڕەشە یان سپی.
– ترامپ حەز بەو یارییە ناكات كە ئێستا بەشێك لە كاربەدستانی عێراقی دەیكەن و چوونەتە جەبهەی ئێرانی.
– من پەیوەندی دوور و درێژم هەیە لەگەڵ قەسەدە و لە دامەزراندنییەوە لەگەڵیم و ناوەكەشی پێشنیاری من بوو .
– من یەكەم عێراقی بووم پەیوەندیم لەگەڵ كوردانی سووریا درووستكرد و هاوكاریم كردن.
– پەیوەندی لە نێوان ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع هەیە بۆ پاراستنی درووز و كوردەكانی سووریا.
– تا ئێستا ئەمریكا دانی بە حكومەتی نوێی سووریا نەناوە.
– مەحاڵە هەسەدە چەك دانێت و خۆی ڕادەستی حكومەتی سووریا بكات.
|