ئەم مانگە 7000 پێشمەرگەی خانەنشین دوو مووچە وەردەگرن
ئەم مانگە 7000 پێشمەرگەی خانەنشین دوو مووچە وەردەگرن
2025-03-13
313 جار خوێنراوەتەوە
ئەو خانەنشینانەی مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە، ئەم مانگە مووچەی مانگی یەک و دوو بە یەکەوە وەردەرگرن. بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، "راگرتنی مووچەکانیان بەهۆی گواستنەوەی دۆسیەکانیان بوو بۆ سەر وەزارەتی دارایی."
لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکانی ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە میدیای پارتی راگەیاند، "گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینی ئەو پێشمەرگانە بۆ سەر خانەنشینی وەزارەتی درایی، کۆمەڵێک رێکاری پێویست بوو، بەو هۆیەوە مووچەی مانگی کانوونی دووەمیان دواکەوت."
لیوا توانا سدیق دەڵێت، ئەمڕۆ لە وەزارەتی دارایی دڵنیاییان پێدراوە کە، "خانەنشینانی پێشمەرگە لەگەڵ مووچەی مانگی دوو، مووچەی مانگی یەکیش وەردەگرن."
بەوتەی لیوا توانا سدیق، ژمارەی ئەو خانەنشینانەی پێشمەرگە کە دوو مووچە بەیەکەوە وەردەگرن، زیاتر لە 7 هەزار خانەنشینە.
|