ئەنەکەسە: دەستووری نوێی سووریا تووشی شۆکی کردین

2025-03-14  104 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاند کە دەستوورى نوێى سووریا تووشى شۆکى کردوون و فرەیی لە سووریا پشتگوێخستووە، داوا دەکات چاوى پێدا بخشێنرێتەوە.

ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە، راگەیێندراوى دەستوورى لە سووریا "تووشى شۆکى کردووین" و " جێگەى بێ ئومێدى بووە" کە دوور لە خواستنەکان بووە بۆ بنیاتنانى دەوڵەتى دیموکراسی و لەلایەن کۆمیتەیەکیشەوە ئامادەکراوە کە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتە سیاسی و نەتەوەیی و ئاینییەکانى نەکردووە. 
 
ئەنەکەسە ئاماژەى بەوەداوە، ئەو دەستوورە فرەیی لە سووریا پێشتگوێ خستووە وەک دەوڵەتێکى فرە نەتەوەیی و ئایین و تەنیا ناسنامەى یەک نەتەوەیى لە ناونانى دەوڵەت جێگیر کردووە. 
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەى ئەو لایەنانەى رۆژئاواى کوردستان هاتووە، کە دەستوورەکە سیستمى حوکمى ناوەندى تۆختر کردووە و دەسەڵاتى زۆرى داوەتە سەرۆککۆمار، بەبێ گەرەنتى لە جیاکردنەوەى نێوان دەسەڵاتەکان. 
 
ئەنەکەسە پێیوایە، ئەو دەستوورە هەنگاوێکى دیکەیە بۆ تاکڕەوى لە دەسەڵات. بۆیە بە پێویستی دەزانێت هەڵوێستێک لەلایەن سەرجەم هێزە نیشتمانی و دیموکراسیی و نەتەوەییەکانەوە هەبێت، بۆ ئەوەى چاو بەو دەستوورەدا بخشێنرێتەوە و فرەیی سیاسی و نەتەوەیى تێدا بێتەدى. 
 
13ـی ئادارى 2025 کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێندراوى دەستوورى سووریا، رەشنووسى دەستوورى رادەستى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر کرد. 
 
راگەیێندراوى دەستوورى بۆ ماوەى 5 ساڵە وەک قۆناغى راگوزەر دەبێت، تاوەکو هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا دەکرێت.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە