خامنەیی: داواکاری ترەمپ بۆ دانوستاندن، فریودانی ڕای گشتیی جیهانە
2025-03-13
171 جار خوێنراوەتەوە
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند،"بانگهێشتی ترەمپ سەبارەت بە ئامادەیی ئەمریکا بۆ دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ فریودانی رای گشتیی جیهانە".
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند،"بۆچی ئێران ئامادە نییە دانوستاندن بکات؟ بگەڕێنەوە بۆ بیر کردنەوەی خۆتان، چەند ساڵێک دانیشتین و دانوستاندنمان کرد، هەر ئەم کەسە دانوستاندنە تەواو و واژۆکراوەکەی لەسەر مێزەکە فڕێدا و دڕاند. چۆن دەتوانین دانوستاندن بکەین لە کاتێکدا دەزانین کاری پێ ناکرێت؟".
خامنەیی پێیوایە دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا سزاکان هەڵناگرێت، بەڵکو سزاکان قورستر دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد: ''ئەمریکا بە نیشاندانی ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن، مەبەستی ئەوەیە ئەو تێڕوانینە دروست بکات کە لەگەڵ دانوستاندن و ئاشتییە، بەڵام تاران ئامادە نییە دانوستاندن بکات".
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دایە ئەمریکا و وتی: "ئەگەر هەنگاوێکی هەڵە لەلایەن ئەمریکا و بریکارەکانیەوە هەبێت، ئەوا ئەوان زۆرترین زیانیان پێدەگات. ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕێین؛ بەڵام بە دڵنایییەوە کاردانەوەی یەکلاکەرەوەمان دەبێت".
رۆژی هەینیی رابردوو ترەمپ رایگەیاندبوو، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ناردووە و داوای لێکردووە گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بکەن، ئەگەرنا بۆ ئەوان خراپ دەبێت.
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە، کە لە خولی یەکەمدا لە دژی بەکاریهێنابوو. لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.
رێککەوتنەکە لە ساڵی 2015 لەنێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوادا واژۆ کرابوو. بەپێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێندرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
|