ئەردۆغان: ئەگەر شاندی ئیمراڵی داوای کۆبوونەوە بکەن، قبووڵی دەکەم

2025-03-12  314 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی ئیمراڵی دەڵێت، ئەگەر داوای بکەن، لەگەڵیان کۆدەبنەوە، هاوسەرۆکی دەم پارتیش دەڵێت، ئەمڕۆ یان سبەی داواکاری پێشکێشدەکەن.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا کە پرسی، ئایا لەگەڵ شاندی  ئیمراڵی کۆدەبنەوە، وتی، ''لەگەڵ هاوڕێیانمان کۆدەبنەوە. بەڵام ئەگەر داوا لە منیش بکرێت، قبووڵی دەکەم''.
 
هەر لەو کاتەدا عەبدوڵڵا گولەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، کە دەکاتە 17ـی ئەم مانگە، لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆدەبنەوە.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی هەر ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی پارتەکەی لەگەڵ پارتی سەعادەت سەبارەت بە کۆبوونەوەی شاندی پارتەکەی لەگەڵ ئەردۆغان، رایگەیاند، ''شاندەکەمان ئەمڕۆ یان سبەی داواکاری پێشکێشدەکەن''.
 
شاندی دەم پارتی، لە درێژەی کۆبوونەوەکانیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، ئەمڕۆ لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) و پارتی سەعادەت کۆبوونەوە.
 
شاندەکە هەروەها رۆژی دووشەممە، 10ـی ئەم مانگە لەگەڵ هەریەکە لە پارتی رەنجدەران (ئەمەپ)، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) کۆبوونەوە.
 
سەردانەکانی دەم پارتی بۆ لای حیزبەکان بە مەبەستی تاوتوێکردنی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، کە 27ـی شوباتی رابردوو داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە