نزیکەی 6 هەزار هەڵگری بڕوانامەی باڵا و یەکەمەکان دادەمەزرێندرێن
2025-03-12
296 جار خوێنراوەتەوە
هەفتەی داهاتوو نزیکەی 6 هەزار هەڵگری بڕوانامەی باڵا و یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەمەزرێندرێن، بەشێکیان ئەوانەن کە خەڵکی ناوچەی مادەی 140ـن و لە هەرێمی کوردستان خوێندوویانە. گوتەبێژی ئەنجوومەنی فیدراڵی دەشڵێت، لە داهاتوودا دەرچوانی هەرێمی کوردستانیش پشکیان لە دامەزراندن دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەعد لامی، وتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی بە میدیاکانی راگەیاند، "لە ساڵی رابردوودا لە کۆی نزیکەی 23 هەزار ناوی تۆمارکراوی هەڵگرانی بڕوانامە باڵا و یەکەمەکان، 17 هەزاریان لە دامودەزگاکاندا دامەزرێندراون و هەفتەی داهاتووش 5 هەزار و 903 کەسی دیکە دادەمەزرێندرێن."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ دامەزراندنی یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، ساڵی دەرچوون مەرج نییە، بەڵکو مەرجەکان بێ کەموکوڕی بوونی بەڵگەنامەکانیان و نەگەیشتنیانە بە تەمەنی خانەنشین بوون، کە 60 ساڵە."
لەبارەی دەرچووانی ناوچەکانی مادەی 140 کە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان خوێندنیان تەواو کردووە، سەعد لامی دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە لەو 17 هەزار کەسەی دامەزراون و لەو ژمارەیەش کە هەفتەی داهاتوو دادەمەزرێن، ناوی دەرچووانی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستانیشیان تێدان."
وتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی راشیگەیاند: "یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کۆبوونەوانە، ئاسانکردنی پرۆسەی بەدەستهێنانی زانیاریی ورد لەسەر دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بووە، چ ئەوانەی لەناو هەرێمی کوردستان نیشتەجێن یان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان."
لامی ئاشکراشی کرد، "بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا، دەرچووانی هەرێمی کوردستان پشکی خۆیان لە دامەزراندنەکاندا دەبێت."
ساڵی 2023، 43 هەزار لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و یەکەمەکان دامەزرێندران.
|