چەند بڕیارێکی گرنگ لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە

2025-03-12  336 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا بڕیاری لێخۆشبون لە قیستەکانی سودمەندانی قەرزی بچوک لە ساڵانی پێشو کە سودمەندەکانیان کۆچی دواییان کردوە پەسەندكرد.

ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتیی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاسپێردرا بۆ ئامادەکردنی خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەویش دوای ئەوەی ئەمڕۆ بڕی 958 ملیار دینار وەک موچەی مانگی شوبات خرایە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، بڕیاردرا هەر لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت، لە هەمانکاتدا سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانیش ڕاسپێردران هەرچی زوە لیستی موچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ بنێردرێت، بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار پێش پشووەکانی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی کۆبونەوە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ئامادەبونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕو، وەزیر تیشکی خستە سەر ئەنجامی گفتوگۆ و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشناییی بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵ.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە بە ئاراستەی هەناردەکردنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، ئەمەش لە دوای تەواوکردنی ڕێکار و پێداویستییەکانی پرۆسەکە کە ئێستا هەردو وەزارەت و کۆمپانیا نەوتییەکان بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکەن.

بڕگەی دوەمی کارنامەی کۆبونەوە، تایبەت بو بە گفتوگۆکردن لەبارەی دو پێشنیار کە لەلایەن کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕو، سەبارەت بە لێخۆشبون لە پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە پێش ساڵی 2013 ئەو پێشینەیەیان وەرگرتبوە، هەروەها لێخۆشبون لە قیستەکانی ماوە بۆ سودمەندانی قەرزی بچوک لە ساڵانی پێشو کە بۆ پڕۆژەی مامناوەمد ئەو قەرزانەیان وەرگرتبو، بەڵام ئەو سودمەندانە کۆچی دواییان کردووە.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ هەردو پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، هەردو وەزارەتی دارایی و ئابوری و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپێردران بە دەرکردنی ڕێنماییی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.

لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆکردن بو لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژەکانی پشو و بۆنە فەرمییەکان لە ڕۆژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری خرایەڕو، ئەنجومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاریی یاسایی و تەشریعیی پێویست لەم بارەوە بگرنەبەر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە