خواردنە تەندرووستەكان بۆ مانگی ڕەمەزان كامانەن؟

2025-03-11  297 جار خوێنراوەتەوە

لە مانگی ڕەمەزاندا پێویستە بە شێوەیەکی تەندرووست خواردن و خواردنەوە بخۆین و بخۆینەوە، بە ڕەچاوکردنی چەند خاڵێك لەوانەش واباشترە بە خورما لەگەڵ كوپێك ئاو کە پلەی گەرمییەکەی مامناوەند بێت، ڕۆژوو بشكێندرێت.

د. سامان محەمەد ئەمین، پسپۆڕی خۆپاراستن لە نووسینێكدا ئاماژە بە چەندین جۆری خواردن دەكات، كە گرنگە ڕۆژووانان لە مانگی ڕەمەزاندا بەكاری بێنن.

دەقی نووسینەكەی:-

لە مانگی ڕەمەزاندا پێویستە بە شێوەیەکی تەندرووست خواردن و خواردنەوە بخۆین و بخۆینەوە، بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە:

یەكەم– واباشترە بە خورما لەگەڵ كوپێك ئاو کە پلەی گەرمییەکەی مامناوەند بێت، ڕۆژوو بشكێندرێت، واباشە نوێژی ئێوارە بكرێت پاشان نان بخورێت.

دووەم– خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ریشاڵە خۆراكییەكان وەك پاقڵەمەنییەكان و سەوزە و میوە، ياخود بڕی پێويست لە پرۆتين و كاربۆهيدرات بەکاربهێنرێت وەک پارچەیەک مريشك یان ماسی یان گۆشت و برنجي بۆر و هەروەها شلە هەر جۆرێکی بێت تەندرووستە.

سێیەم– دووركەوتنەوە لەخواردنەوە گازییەكان و ساردەمەنییەكان لەگەڵ ژەمە نانی ئێوارە.

چوارەم– دوورکەوتنەوە لە خواردنی شیرینی دەستکردی وەک پاقڵاوا و لوقم و لوقمەقازی و.. هتد.

پێنجەم– دووركەوتنەوه له خواردنە سوورەكراوەكان و خواردنی چەور.

شەشەم– خواردنی خواردن بە هێواشی و زۆر باش جوینی.

حەوتەم– خواردنەوەی ٢ بۆ ٣ لیتر ئاو لەنێوان وادەی ڕۆژووشكاندن و پارشێو.

هەشتەم– دووركەوتنەوە لە پاڵكەوتن یاخود خەوتن لەدوای نانخواردن بە ڕاستەوخۆیی.

نۆیەم– زیادكردنی جووڵە و چالاكی بەلایەنی كەمەوە نيو سەعات ڕێكردن، باشتر وایە لەنێوان عەسر و مەغريبدا بێت. هەروەها ئەنجامدانی نوێژی تەراویح بە باشترین راهێنان لەمانگی ڕەمەزاندا دادەنرێت و دەبێتە هۆی چالاككردنی سووڕی خوێن و ئاسانكاریی هەرسكردن و سووتاندنی چەوری.

دەیەم– ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بڕیاربدات لە ڕۆژووگرتنیان و لەژێر چاودێریی و رێنمایی ئەوانیشدا بە رۆژوو بن.

یانزەیەم– كەسی تەندرووست لە کۆتایی رەمەزاندا کێشی دابەزاندووە نەک زیادی کردبێت.

دوانزەیەم– پێویستە خواردنی پاڕشێو بریتی بێت لەخۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ریشاڵەكان و ئەو خۆراكانەی وزە دەدەنە جەستە، لەوانە: نان، پرۆتین، هێلكە، شیر، شیرەمەنیەكان و پاقلەمەنییەكان كەدەبنە هۆی دواخستنی هەستكردن بە برسێتی.

سیانزەیەم– دەبێت خواردنی میوە و سەوزە لەكاتی پاڕشێودا لەبیر نەكرێت.

چواردەیەم– دوورکەوتنەوە لە خواردنی سوێریی و چەوریی و کافاین، چونکە دەبێتە هۆی تینووبون و هەستکردن بە برسی بوون.

پانزەیەم– پێویستە کاتی خەوتن و ماوەی خەوتن بەشێوەیەکی تەندرووست رێکبخرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە