شارەوانی هەولێر: لافاوەکە زیانی گیانی و مادیی زۆری لێکەوتووەتەوە

16   خولەک پێش ئێستا  8 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت بەهۆی لافاوەکەی ئەم دواییەی شارەکەوە زیانی گیانی و مادیی بەرچاو بەر ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی کەوتووە، هاوکات تیمەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوە و سەرژمێریکردنی سەرجەم زیانەکانن.

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی کارمەندانی شارەوانی زیاتر لە 600 کارمەندە بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا دابەش کردووە بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکانی لافاو و ئاوەڕۆکان.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر وتیشی بەداخەوە لافاوەکە زیانی گیانی هەبووە، هاوکات زیانێکی زۆری مادییش بەر ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی کەوتووە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی بەردەوامیی کارەکان، ئاماری ورد و کۆتایی زیانەکان بەردەست نییە.

سەبارەت بە زیانی ئۆتۆمبێلەکان، سەرۆکی شارەوانی رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە و لە هەندێک شوێن، لەوانە 'نەفەقی رزگاری'، تا ئێستاش ئۆتۆمبێل لەژێر ئاودا ماونەتەوە،

جەختیشی کردەوە، تیمەکانیان لە هەوڵی بەردەوامدان تا تەواوی ئەو شوێنانە پاک بکەنەوە و ئاستەنگی هاتوچۆ نەهێڵن.

ئێوارەی دوێنێ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو.

بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ، بووە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان ماڵ و ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان، لە پاڵ دروستبوونی ئاستەنگییەکی قورسی هاتوچۆ لە زۆربەی جومگەکانی شارەکەدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە