کێن ئەوانەی دەهۆڵی شەڕی ناوخۆ دەکوتن و چۆن دەبێت بێدەنگ بکرێن؟

11   خولەک پێش ئێستا  63 جار خوێنراوەتەوە

کۆمەڵگەی کوردستان ماندووی دەستی کێشە سیاسیەکانی نێوان لایەنەکان  و بەتایبەت گرفتەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستانە.. کەچی هێشتا کۆمەڵێک لەوانەی خۆیان بە ڕۆشنبیر و نوسەر و شارەزای سیاسیی دەزانن لە جیاتی خزمەتکردن بە هۆشیاریی نەتەوەیی، خەریکی دەهۆڵکوتانن بۆ دوو ئیدارەیی و هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ لە نێوان یەکێتی و پارتی و زیندوو کردنەوەی برینە تاڵەکانی ڕابردوون.
 
 ئەم جۆرە ئاڕاستە مەترسیدارە نیگەرانی لای هاوڵاتیان و خەمخۆرانی کوردستان دروستکردووە و داوا دەکەن سەرکردایەتی و دەزگا فەرمییەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵآتدارو چەک بەدەست (پارتی و یەکێتی) ڕێگە نەدەن شاشەی کەناڵ و، پێگە میدیاییەکانیان، یان کەسانی نزیک لە خۆیان ببنە سەکۆ بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهری جیاکاریی و هاندان بۆ دووئیدارەیی و لەتکردنی هەرێمی کوردستان.
 
ئەم جۆرە قسەکردن و ئاراستەکردنەی کادرە تازەکانی هەردوو حزب، تەنها دەربڕینی ڕای ئازاد نییە، بەڵکو دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و مافی ژیانی هاووڵاتییان و ئەوانەی لە هەناوی قەیرانە سیاسییەکاندا وتاری ڕقوکینە و جۆرێک لە ئاگری فیتنەیی خۆش دەکەن، بەشێکی زۆریان بە قەڵەمفرۆش و بەکرێگیراوی قەیرانەکان ناودەبرێن.
 
بەرژەوەندیی دارایی و پێگەی سیاسیی ئەم جۆرە کەسانە تەنها لە کەشوهەوای نائارامی، ئاژاوە و ململانێی خوێناویدا گەرم دەبێت، چونکە بازرگانی بە ئازار، داهاتوو و قووتی خەڵکەوە دەکەن .

بەرژەوەندی و خاڵە هاوبەشەکانی یەکێتی و پارتی هێندە زۆرن رێگە بە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی نەوەتەکان نادەن، کوتانی دەهۆڵی دوو ئیدارەیی کوتانێکی پووچە، وەکو ئەوەیە ئاسنی سارد بکوتیت، تەنیا دەنگی دێت و دەستەکان ماندوو دەبن. 

پێویستە کۆمەڵگە و هاووڵاتیانی کوردستان ڕێگە نەدەن دەنگی ژاوەژاو و بەرژەوەند پەرستەکان جێگەی عەقڵ و دیالۆگ بگرنەوە، تا ئاشتیی کۆمەڵایەتی بە پارێزراوی بمێنێتەوە و سەرکەوتن بۆ ئیرادەی پێکەوەبوون و پێکەوە ژیان و یەکریزی هەموو کوردان بەردەوام بێت.

بۆیە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە بە دەنگێکی بەرز دژی هەموو ئەو دەنگانە بوەستین و بڵێن نەخێر بۆ قەڵەم و دەهۆڵ کوتەکانی شەڕی ناوخۆ!


   ئەمانەش بخوێنەرەوە