نێچیرڤان بارزانی: هەموو هاوکارییەکی لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێر بکرێت
13 خولەک پێش ئێستا
2 جار خوێنراوەتەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەدواداچوونی بۆ لێکەوتەکانی لافاوەکەی شەوی رابردووی هەولێر کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هەموو هاوکارییەکی پێویست پێشکەشی زیانلێکەوتووان بکەن.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی بۆ زیانەکانی لافاوەکەی شەوی رابردوو کردووە، بەتایبەتی ئەو زیانانەی بەر هاووڵاتییان و ماڵ و موڵکیان کەوتوون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی لافاوەکە کردووە و پارێزگاری هەولێر و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بەپەلە بە هانای زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانەوە بچن، هەموو یارمەتییەکی پێویستیان پێشکەش بکەن و رێکاری پێویستیش بۆ چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی لافاوەکە بگرنەبەر.
هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پوختەیەکی لەسەر دۆخی شارەکە، قەبارەی زیانەکان و ئەو هەنگاو و رێکارانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی لافاوەکە گیراونەتەبەر خستووەتەڕوو. هاوکات سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ بەدواداچوون و بایەخدانی بەردەوامی بە رەوشی هاووڵاتییان.
|