ئێران هەڕەشە دەکات: ژێرخانی وزەی ناوچەکە وێران دەکەین
6 کاتژمێر پێش ئێستا
301 جار خوێنراوەتەوە
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی کرد، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر ژێرخانی وڵاتەکەی، ئەوا تاران ژێرخانی هەستیاری تەواوی ناوچەکە وێران دەکات.
قالیباف لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "دەستبەجێ دوای ئەوەی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وڵاتەکەمان کرانە ئامانج، ژێرخانی هەستیار و دامەزراوەکانی وزە و نەوت لە سەرانسەری ناوچەکەدا وەک ئامانجی رەوا دەبینرێن و بە شێوەیەکی هەمیشەیی وێران دەکرێن."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریشی دا لە ئەنجامی کارێکی وەها، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا "بۆ ماوەیەکی درێژ" بەرز دەبێتەوە.
ئەم هەڕەشەیەی قالیباف دوای ئەوە هات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ 48 کاتژمێر کاتی دایە تاران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
ترەمپ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئەگەر ئێران بە تەواوی و بێ هەڕەشە، لە ئێستاوە تا 48 کاتژمێری دیکە تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەوا ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر وێستگە جیاجیاکانی کارەبای ئێران و دەیانسڕێتەوە. سەرەتا لە وێستگە گەورەکانەوە دەستپێدەکەین".
تەنگەی هورمز رێڕەوێکی گرنگی بازرگانیی جیهانە و پێش ئەم جەنگە، نزیکەی 20٪ی نەوت و گازی جیهان بەو رێڕەودا تێدەپەڕی.
|