لێدوانی ماکرۆن لەبارەی جەنگی ئێران و دۆخی عێراق

2   کاتژمێر پێش ئێستا  222 جار خوێنراوەتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق کردەوە و رایگەیاند پێویستە عێراق لە ململانێ و جەنگ دوور بخرێتەوە.
 
ماکرۆن لە دەستپێکی قسەکانی دا باسی لە کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی کرد و وتی: "دەمەوێت رێز و پێزانینی خۆم بۆ سەربازەکەمان، مەیجەر فریۆن دەرببڕم، کە لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق کوژرا."
 
سەبارەت بە ئامادەیی هێزەکانی وڵاتەکەشی لە ناوچەکە، ماکرۆن بە ڕووداوی ڕاگەیاند فەرەنسا لە ساڵی 2015ـەوە لە عێراق ئامادەیی هەیە بە مەبەستی شەڕکردن دژی گرووپە تیرۆریستییەکان و داعش، هەروەها بۆ پاڵپشتیکردنی سەروەریی عێراق. وتیشی: "ئێمە زۆر شانازی بەم پابەندبوونەوە دەکەین، چ لە بەغدا بێت یان لە هەولێر."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەکرد: "چەندین جار دەرفەتم بۆ رەخساوە قسە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و هەروەها سەرۆکوەزیران سوودانی بکەم. ئێمە لەگەڵ عێراق و سەروەرییەکەی و یەکپارچەیی خاکەکەیدا وەستاوین."
 
هۆشدارییەکی تووندی دایە ئەو گرووپ و میلیشیایانەی کە هێزەکانی فەرەنسا دەکەنە ئامانج و وتی: "ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، روونیی تەواوە لە شەڕی دژی هەر میلیشیایەک کە فەرەنسییەکان و سەربازە فەرەنسییەکان بکەنە ئامانج؛ چونکە ئەو کەسانە بەشێوەیەکی کردەیی (دیفاکتۆ) بەرژەوەندییەکانی عێراق دەکەنە ئامانج و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق تێکدەدەن."
 
ئیمانوێل ماکرۆن جەختی کردەوە دەبێت عێراق سەروەریی خۆی بپارێزێت و لەم جەنگە دوور بێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەموو ئەو گرووپانەی دەستوەردان لەم جەنگەدا دەکەن، بەرپرسیارێتییەکی گەورە هەڵدەگرن."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە