ئه‌مریكا بۆ گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتیه‌كانی له عێراق، رێكاری نوێ ده‌گرێته‌به‌ر
2 کاتژمێر پێش ئێستا
137 جار خوێنراوەتەوە
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رێكاری نوێی بۆ شێوازی گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتیه‌كانی له عێراق دیاریكرد و راشیگه‌یاند، پێویسته سه‌رجه‌م هاوڵاتیان و كارمه‌ندانی ناپێویستی باڵیۆزخانه‌كه‌ی له به‌غدا و كونسوڵخانه‌كه‌ی له هه‌ولێر به‌هۆی مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كانه‌وه، عێراق جێبهێڵن و داواشیكرد، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوڵاتیانی ئه‌مریكی گه‌شت بۆ عێراق نه‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی په‌یامێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ئامۆژگاری هاوڵاتیانی ئه‌مریكی ده‌كه‌ن، كه ئێستا له عێراقن، به‌زوترینكات وڵاته‌كه بهجێبهێڵن، ڕه‌نگه ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له ماوه‌یه‌كی كورتدا ئاسمانی دابخه‌ن یاخود بیكه‌نه‌وه، بۆ زانینی نوێترین زانیاری گه‌شته‌كان تكایه په‌یوه‌ندی به هێڵه ئاسمانییهكانتانهوه بكه‌ن.
ئاماژه‌ی بهوهكردوه، له ئێستادا ڕێگاكان كراوه‌ن، ئه‌گه‌ر گه‌شتكردن هه‌ڵبژێریت، ئه‌وا به‌رپرسیاریت له سه‌لامه‌تی و ئاسایشی خۆت، داواتان لێده‌كه‌ین پێش گه‌شتكردن مه‌ترسییه‌كان هه‌ڵبسه‌نگێنن، ده‌روازه سنورییه‌كان ده‌توانن له هه‌ر كاتێكدا به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه دابخرێن و ئاسمانی وڵاتانی دراوسێش دابخرێن، تكایه سه‌یری ماڵپه‌ڕی ئه‌و وڵاته بكه كه پلانت هه‌یه گه‌شتی بۆ بكه‌یت بۆ زانینی نوێترین نوێكارییه‌كان.
|