نزیکەی 100 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
183 جار خوێنراوەتەوە
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، لە چوار رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، هەرێمی کوردستان 21 جار هێرشی کراوەتەسەر، کە سەرجەمیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوونە، تەنیا یەک هێرشیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "لە هێرشەکاندا نزیکەی 100 درۆن و مووشەک بەکارهێندراون".
بەرەبەیانی 28ـی شوبات بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران خەڵکی جیهان بێدار بوووە، جەنگەکە لە رۆژی چوارەمیدایە و بەردەوامە. ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە لە عێراق، بە پاساوی هەبوونی هێزی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت، چەندین درۆن و مووشەکیان ئاراستەی پارێزگای هەولێر کردووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، لە چوار رۆژی جەنگدا، لە 28ـی شوبات تاوەکو کاتژمیر 12:00ـی ئەمڕۆ 3ـی ئادار، زۆرینەی هێرشەکان فڕۆکەخانەی نێودەڵەتیی هەولێریان بە ئامانج گرتووە، کە دەکەوێتە سەنتەری شارەکەوە، پاشان قەزای کۆیە بە پلەی دووەم دێت و قەزای هەریر پلەی سێیەم.
|