هەژمارکردنی ئارەزوومەندانەی وانەکانی کوردی و عەرەبی هەڵوەشایەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
219 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری ئارەزومەندانەی هەژمارکردنی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی بۆ پۆلی 12 هەڵوەشاوەتەوە و لە ئەم ساڵەوە هەژمار دەکرێت. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ، ئامانج لە بڕیارەکە بایەخدانە بە زمانی کوردی.
نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا رێککەوتی ئەمڕۆ 3ـی ئادار و واژۆی وەزیری وەزارەتەکەی لەسەرە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارکە دراوە و ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کراوە.
لە نێوەڕۆکی نووسراوەکەدا هاتووە: "بڕیاری ئارەزومەندانەی هەژمارکردنی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی هەڵوەشاوەتەوە و نمرەی ئەم دوو وانەیە هاوشێوەی وانەکانی دیکە هەژمار دەکرێن بۆ ئەو خوێندکار و قوتابیانەی لە ساڵی خوێندنی 2025 – 2026 و ساڵانی دواتر لە پۆلی 12ـی ئامادەیین، واتە لە ئەم ساڵەوە نمرەی خوێندکاران و قوتابیانی پۆلی دوانزە لەسەر بنەمای هەر حەوت وانەکە دەبێت".
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە ٧ڕۆژی وت: "پێشتر بڕیارەکە درابوو، بەڵام لە ئەمڕۆوە بە فەرمی کرا و دەبێت قوتابخانەکان پێیەوە پابەند بن".
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتی: "ئامانجی سەرەکیی بڕیارەکە گرنگیدانە بە زمانی کوردی".
ئەمڕۆ نووسراوەکە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کراوە و "جەختکراوەتەوە" لەسەر هەڵوەشانەوەی بڕیاری ئارەزومەندانەی هەژمارکردنی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە، "بۆ وەزارەتی پەروەردە روونکراوەتەوە، کە بڕیاری ئارەزوومەندانەی هەژمارکردنی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی هەڵدەوەشێتەوە و نمرەی ئەم دوو وانەیە هاوشێوەی وانەکانی دیکە هەژمار دەکرێن بۆ ئەو خوێندکار و قوتابیانەی لە ساڵی خوێندنی 2025 – 2026 و ساڵانی دواتر لە پۆلی 12ـی ئامادەیی دەبن، واتە بۆ ساڵی خوێندنی 2026 – 2027 و ساڵانی دواتر داواکاری پێشکێش دەکەن بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان".
ئارەزوومەندانەی هەژمارکردنی نمرەکانی ئەو دوو وانەیە زیاتر لە پێنج ساڵە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە و لە ئەمڕۆوە بە فەرمی ئەو بڕیارەی پێشوو بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.
|