لە رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی فەللوجە 13 کەس گیانیان لەدەستدا
3 کاتژمێر پێش ئێستا
116 جار خوێنراوەتەوە
تەندروستیی ئەنبار رایگەیاند، لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی فەللوجە - بەغدا، 13 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندارن.
محەممەد عادل قەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی ئەنبار بەمیدیاکانی راگەیاند، "لە ئەنجامی رووداوەکەدا 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 5 کەسی دیکەش بریندار بوون."
رووداوەکە لەنێوان چەند ئۆتۆمبێلێک بووەو بەپێی ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی بڵاوبوونەتەوە، بەهۆی پێکدادانەکەوە ئاگر لە چەند ئۆتۆمبێلێک بەربووە و چەند ئۆتۆمبێلێک بە تەواوی سووتاون، ئەمەش وایکردووە زیانە گیانییەکان زۆر بن.
هەر لەوبارەوە، وەزارەتی بەرگریی عێراق وێڕای دەربڕینی پرسە و هاوخەمی، رایگەیاند، لە رووداوەکەدا 8 سەربازی کۆماندۆی لیوای 27ـی فرقەی حەوتی سوپای عێراقی گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رووداوەکانی هاتووچۆ لە ساڵی 2025ـدا بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو کەمیان کردووە و رێژەی گیانلەدەستدانیش 12% دابەزیوە.
بەپێی ئەو داتایانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو، رووداوەکانی هاتووچۆ لە ساڵی 2025ـدا بە رێژەی 10% بۆ 15% بەراورد بە ساڵی 2024 کەمیان کردووە. مردن 12% و برینداریش 9% کەمی کردووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2024 بەرزترین ژمارەی رووداوەکانی هاتووچۆی لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا لە عێراق تۆمارکراوە، کە تێیدا زیاتر لە 11 هەزار و 700 رووداو بووە، بەهۆیەوە زیاتر لە 2700 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 11900 کەس برینداربوون.
|