کاسبکارانی خانەقین دژی بەقەزاکردنی گوڵاڵە دووکانەکانیان داخست

4   کاتژمێر پێش ئێستا  252 جار خوێنراوەتەوە

کاسبکارانی قەزای خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە دژی بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە دووکان و بازاڕەکانیان داخست.
 
رۆژی 25ی شوباتی 2026 دژی بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە، کاسبکاران و دووکاندارانی قەزای خانەقین نەچوونە سەر کار و بایکۆتی گشتییان راگەیاند، داخستنی دووکان و بازاڕەکانی خانەقین، یەکەم ناڕەزایی مەدەنییانەیە دژی بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە.
 
دەستپێکردنی ناڕەزاییەکە دوای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی قەزاکە بوو لەگەڵ خەڵک و چالاکڤانان، هونەر حەمید گوتی، "چاوەڕوان دەکرێت ناڕەزایەتیی دیکەش لە قەزای خانەقین دژی بەقەزاکردنی گوڵاڵە بەڕێوەبچێت."
 
پێشتر، قەزای خانەقین هەریەک لە ناحیەکانی گوڵاڵە، قەرەتەپە، سەعدیە و جەبارەی لەسەر بووە، بەڵام لە دوای بە قەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە قەزای خانەقین دەبێتە یەکەم قەزا لە عێراقدا کە هیچ ناحیەیەکی نییە. 
 
ئێستا داواکاریی خەڵکی خانەقین بە پارێزگاکردنی قەزاکەیە، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ رووبەڕبوونەوەی بچووکردنەوەی ئیدارەیی ناوچەکەیان. 
 
بڕیاری بە قەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە، رۆژی پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026، بەفەرمی لەلایەن عومەر کوروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە راگەیێنرا.
 
گوڵاڵە ناحیەیەکی سەر بە قەزای خانەقین بوو، یەکێکە لەو ناوچانەی مادەی 140ی دەستوور دەیگرێتەوە و کێشەلەسەرە، چارەنووسی کارگێڕیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا یەکلا نەبووەتەوە. 
 
لە 31ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگی دا بۆ بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە و لایەنە کوردستانییەکان لە دژی وەستانەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە