یەکەم وەڵامی ئێران بۆ وتارەکەی ترەمپ
4 کاتژمێر پێش ئێستا
151 جار خوێنراوەتەوە
لە یەکەم کاردانەوەی ئێراندا بەرامبەر وتاری "دۆخی یەکێتی" (State of the Union) کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشکەش کرا، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە درۆزنانی پیشەیی کارامەیییەکی تایبەتیان هەیە لە دروستکردنی "راستی ساختە".
ئیسماعیل بەقایی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە،"درۆیەک ئەوەندە دوبارە بکەرەوە تا دەبێتە ڕاستی. ئەمە یاسایەکە کە لەلایەن جۆزێف گۆبڵز، وەزیری پڕوپاگەندەی ئەڵمانیای نازی و ڕاوێژکارەکەی هێتلەر داهێنراوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارهێنراوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێستا ئەم یاسایە بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و جەنگخوازانی دەوروبەری، بەتایبەتی ڕژێمی ئیسرائیل کە خەریکی کۆمەڵکوژییە، بەکاردێت بۆ پەرەپێدان بە هەڵمەتێکی شەیتانی بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشەکارانە دژی گەلی ئێران".
باسی بەوەشكرد، "ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، موشەکی بالیستیکی کیشوەرەبڕ، و ژمارەی قوربانیانی ئاڵۆزییەکانی مانگی یەک دەوترێن، تەنها دوبارەکردنەوەی زنجیرەیەک درۆی گەورەن. نابێت کەس بەم جۆرە درۆیانە هەڵبخەڵەتێت".
لە کاتی وتاری "دۆخی یەکێتی" لەبەردەم کۆنگرێس، سەرۆکی ئەمریکا بە کورتی ئاماژەی بە پاساوەکانی خۆی کرد بۆ هێرشێکی ئەگەری بۆ سەر ئێران و وتی، ئەو ڕێگە نادات گەورەترین پشتیوانی تێرۆر لە جیهاندا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
|