مەسعود بارزانی بۆ بەغدا: كۆتایی بە مامەڵەی نابەجێ لەگەڵ كورد بهێنن
2 کاتژمێر پێش ئێستا
44 جار خوێنراوەتەوە
مەسعود بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق دەكات و دەڵێت: پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت.
بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوار شەممە 18ی شوباتی 2026 لە پیرمام مەسعود بارزانی پێشوازی لە جوشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كرد.
هاریس جەختی لەوە كردەوە، ئەمریكا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا و هەروەها بە چاوی ڕێزەوە سەیری ڕۆڵی بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكات هەر لە 2003 هەتا ئێستا و لە داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیشدا.
ئەوەشی خستەڕوو، كە وڵاتەكەی خوازیاری شەراكەتی ستراتیژییە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستانە و پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بەرژەوەندییەكانی لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی تر بێت بۆ ئەوەی ئەمەریكا بتوانێ پەرە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ عێراق بدات.
لای خۆشیەوە، بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە هەمیشە خوازیاری ئەوە بوونە لە عێراقدا یاسا و دەستوور باڵادەست بن و هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بنەمای سەرەكیی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بێت. بە گرنگیشی زانی لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا ڕەچاوی ئەو سێ بنەمایە بكرێن و دەستوور جێبەجێ بكرێت و كۆتایی بەو مامەڵە نابەجێیە بهێندرێت كە لەگەڵ گەلی كوردستان لەسەر بابەتی بودجە و بابەتەكانی تر دەكرێت.
بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، كە پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بارودۆخی سووریا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
|