لێدوانی نوێی مەزڵوم عەبدی لە حەسەکەوە لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان
2 کاتژمێر پێش ئێستا
188 جار خوێنراوەتەوە
فەرماندەی گشتی هیزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند هەوڵەکانیان لەگەڵ دیمەشقدا بەردەوامن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان و دانیش دەنێت بەوەی لە ڕابردوودا هەڵەیان کردووە و دەرەنجامەکەشیان بینی.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هیزەکانی سووریای دیموکرات لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پیاوماقوڵانی حەسەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، هەموو ئەو دەوڵەتانەی پەیوەندیدارن بە کاروباری سووریاوە، بایەخ بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەدەن کە ئامانجی ڕاگرتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەییە.
وتیشی، ئێمە خاوەنی دامەزراوەیەکین کە زیاتر لە ١٢ ساڵە کار دەکەن، ئەم دامەزراوانە بەڕێوبەر و ئەندامەکانیان دەهێڵنەوە لە کاتی تێکەڵبوونیان لەناو پەیکەری دەسەڵاتی دەوڵەتی سووریادا. ڕەنگە دۆسیەی تێکەڵکردنەکە کاتی پێ بچێت، بەڵام دڵنیاین لە سەرکەوتنمان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا.
ئەوەشی خستەڕوو کێشەیەک لە دامەزراندنی یاریدەدەری وەزیری بەرگری لە دیمەشقدا دروست بووە و ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی پڕکردنەوەی ئەو پۆستە ڕابگەیەنین.
وتیشی: ڕێککەوتووین لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەناو لیواکانی وەزارەتی بەرگریدا، لەگەڵ پاراستنی هەموو ئەو شەڕڤانانەی کە بەشدارییان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆردا کردووە و قوربانییان داوە.
مەزڵوم عەبدی جەختیکردەوە پێویستە ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان و بەڕێوبەرەکانیان لە شوێنەکانی خۆیان لەناو پێکهاتەی وەزارەتی ناوخۆی سووریادا بمێننەوە و ئەو هێزە ئەمنییانەی لە دیمەشقەوە هاتوون، کار دەکەن بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنەکە؛ لیژنەیەکیشمان لە هەردوولا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی پێکهێناوە و لە ماوەیەکی نزیکدا سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن.
فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕاشیگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا و بەڕێوبەری هەواڵگری کۆبووینەوە و ڕێککەوتین لەسەر خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنەکە و پێکهێنانی دوو لیژنە لە هەردوولا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، کە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆدەبنەوە.
مەزڵووم عەبدی دانی ناوە بەوەی لە ڕابردوودا هەڵەکراوە و وتی: “پێشتر هەڵەمان کردووە و دەرەنجامەکانیمان بینیوە، وانە لەو هەڵانە وەردەگرین بۆ قۆناغی داهاتوو” بێ ئەوەی هەڵەکان ڕوون بکاتەوە.
ڕاشیگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا تێبینی وتاری هاندان و ڕق و کینەمان کردووە، ئەمە شتێکی نامۆیە بۆ ئێمە لە جەزیرە و ناوچەکانی حەلەب و شوێنەکانی تر، چونکە ئێمە ڕاهاتووین بەبێ هیچ کێشەیەک پێکەوە بژین.
دووپاتیشیکردەوە کە ناوچە کوردییەکان یان ئەو ناوچانەی زۆرینەی کوردنشینن، لە ٢٩ی کانوونی دووەمدا ڕێککەوتن لەسەر پاراستنی تایبەتمەندییان، “مەبەستمان لەوەش ئەوەیە کە خەڵکی ناوچەکە خۆیان ئیدارەی ناوچەکەیان بدەن. تایبەتمەندی بۆ پێکهاتەی سریانی و ئاشووری لە گوند و ناوچەکانی خۆیاندا دەبێت، هاوشێوەی پێکهاتەی کورد”.
|