پێشەوا هەورامانی: بەغدا دەستکاری سنووری ماددەی 140ی کردووە

5   کاتژمێر پێش ئێستا  49 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق دەستکاری یەکە کارگێڕییەکانی سنووری ماددەی 140ـی کردووە و لە ڕاگەیاندنی سەرژمێری ڕێککەوتنی پێشێل کردووە، بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، ڕێککاری یاسایی دەگرینەبەر.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێری ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی پێشێل کردووە، هەرچەندە ئەو ڕێککەوتنە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش پەسەند کرابوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: بەپێی ڕێککەوتن دەبوایە ئەنجامەکان بڵاونەکرێنەوە تا هەردوولا لەسەری ڕێکدەکەون، ئەویش دوای ئەوەی سەرژمیری ناوچەکانی ماددەی 140 لەگەڵ سەرژمێری ساڵی 1957 بەراورد بکرێت و بە وردی پێداچوونەوەی بکرێت، ئینجا بە ڕێککەوتن ئەنجامەکان بڵاوبکرێنەوە.

باسی لەوەشکرد: حکومەتی عێراقی دەستکاری هەندێ لە یەکە کارگێڕییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کردووە و پێشێلکاری کردووە، لە کاتێکدا هەندێ ناوچەی هاوبەش هەن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبردرێت و خزمەتگوزاری بۆ دابین دەکرێت.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم جەختی لەوەشکردەوە: مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاسپارد لە ڕووی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکرێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بەهەموو لایەنە سیاسیەکان دەبێت بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی عێراقیش کاری لەسەر بکرێت، سەرۆک کۆماریش دەتوانێت سکاڵای یاسایی تۆمار بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە