مەرجێکی نوێی ئێران بۆ ئەمریکا ئاشکرا بوو

10   کاتژمێر پێش ئێستا  62 جار خوێنراوەتەوە

محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، ڕایگەیاند؛ ئێران لەوانەیە چاو بە کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمدا بخشێنێتەوە کە ئێستا ٦٠٪ـە، ئەگەر لە بەرامبەردا هەموو سزاکان هەڵبگیرێن.

لە کاتی قسەکردنی بۆ ڕۆژنامەنووسان، محەمەد ئیسلامی ڕوونیکردەوە، لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکادا، کە خولی یەکەمی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لە سەڵتەنەتی عومان بەڕێوەچوو، پرسە تەکنیکی و ئەتۆمییەکان هاوشانی پرسە سیاسییەکان تاوتوێ کران.

ئاماژەی بەوەشکرد کە پەیوەندیی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەردەوامە، و وتیشی؛ ئاژانسەکە هێشتا “بەرپرسیارێتییەکی جێبەجێنەکراوی” هەیە سەبارەت بەو هێرشە سەربازییەی لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ـدا کرایە سەر دامەزراوەکانی ژێر چاودێری .

بەپێی ئەوەی ئاژانسی “مێهر”ی ئێرانی گواستوویەتیەوە، سەرۆکی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران جەختی کردەوە هەر ئەگەرێک بۆ دابەزاندنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ خوار ٦٠٪، مەرجدارە بە هەڵگرتنی تەواوەتیی سزاکان.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش، جەختی کردبووەوە ئەو گفتوگۆیانەی لە عومان لەنێوان ئەو و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و جارێد کوشنەر، زاوا و ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوون، تەرکیزیان خستووەتە سەر دۆسیەی ئەتۆمی، و دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتەکەی قبووڵی ناکات “پیتاندنی یۆرانیۆم سفر بکرێتەوە”.

عێراقچی بە ڕۆژنامەنووسانی وت: “مافی گەلی ئێرانە دەستی بە تەکنەلۆژیای پیتاندنی یۆرانیۆم بگات، و قبووڵی ناکەین پیتاندنی یۆرانیۆم سفر بکرێتەوە”.

لە بەرامبەردا، ئەمریکا پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی تاران پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و سنوورێک بۆ بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی دابنێت، جگە لە کۆتاییهێنان بە پشتیوانیکردنی بریکارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەڵام تاران جەخت دەکاتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە، و پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو خاکەکەیدا بە “هێڵی سوور” دادەنێت، لەگەڵ پێداگری لەسەر پێویستیی هەڵگرتنی ئەو سزا ئابووری و داراییانەی ساڵانێکە بەسەریدا سەپێنراون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە