ترەمپ: نابێت ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی و موشەک بێت

4   کاتژمێر پێش ئێستا  46 جار خوێنراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند ئێران "نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و موشەک"، جەختیشی لەوەکردەوە تاران بە چڕی هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەدات، بەڵام هۆشداریشی دا کە شکست لەو کارەدا ڕەنگە ببێتە هۆی کردەوەی سەربازی.

دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "کەناڵی 12"ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل "ڕێککەوتنێکی باشی دەوێت"، وتیشی، "بەبێ ڕێککەوتن، کردەوەی سەربازی لە ئێران دەبێتە ئەگەرێکی کراوە".

ڕونیشیکردەوە هەوڵدەدات پێش کۆبونەوەی لەگەڵ نەتەنیاهۆ بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام جەختیکردەوە جێگرەوەکە بریتی دەبێت لە "گرتنەبەری ڕێوشوێنی زۆر توند، وەک ئەوەی جاری پێشوو ئەنجامیاندا".

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشیخستەڕو، "ئێرانییەکان بەڕاستی دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن. یان دەبێت ڕێککەوتن بکەین، یان پێویستە کارێکی زۆر سەخت ئەنجامبدەین"، پێشی وابو کە نەتەنیاهۆ "سەبارەت بە دانوستانەکان نیگەران نییە" و ئەویش "دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن".

ترەمپ جەختیکردەوە ئێران "نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و موشەک"، و لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن دەبێت ئامادەبێت بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی، هاوشێوەی ئەوەی لە کاتی "جەنگی 12 ڕۆژە"دا ڕویدا.

سەرۆكی ئەمریكا ئاشکرایکرد سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ ناردنی کەشتییەکی دیكەی فڕۆکەهەڵگر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ گروپە هێرشبەریەکەیدا کە چەندین تێکشکێنەر لەخۆدەگرێت، وتیشی، "ئێمە لەوێ گروپێكی كەشتی گەلی تەواومان هەیە، و ڕەنگە یەکێکی دیکەش لە ڕێگادابێت".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە