شێخ جەعفەر: ئەرکی هەموومانە پاڵپشت و داکۆکیکاری ژنان بین

2025-03-08  263 جار خوێنراوەتەوە

جێگری سەرۆکی هەرێم لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا دەڵێت هیوادرام لە کابینەی نوێی حکومەتدا بواری زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت لە ناوەندەکانی بڕیاردان و دامەزراوەکانی حکوومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خزمەت بە گەل و نیشتیمان بکەن.

دەقی ڕاگەیەندراوی جێگری سەرۆکی هەرێم:

لە یادی ٨ی مارسدا، کە ڕۆژی جیهانی ژنانە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم ژنانی جیهان و ژنانی کوردستان بە تایبەت دەکەم، هیوای بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنیان لە سەرجەم کایەکانی ژیان بۆ دەخوازم.

بە شکۆوە ئەو یادە دەکەینەوە و ڕێز لە خەبات و ماندووبوونیان دەگرین، ژنانی کوردستان بە درێژایی مێژووی ناوچەکە هەمیشە بەشدارێکی کارا بوونە لە خەباتی سیاسیی و ململانێکانی ژیاندا لەپێناو مانەوە، هەروەها سیمبولی ئازایەتیی و بەرخودان بوونە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، لە ئەمڕۆشدا ڕۆلێکی کاریگەر و گرنگ دەگێڕن لە نێو کایەی سیاسیی و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و گشت بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، هیوادرام لە کابینەی نوێی حکومەتدا بواری زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت لە ناوەندەکانی بڕیاردان و دامەزراوەکانی حکوومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خزمەت بە گەل و نیشتیمان بکەن.

لێرەدا ئەرکی سەرشانی هەموومانە بێ جیاوازی کە پاڵپشت و داکۆکیکار بین لە بەرامبەر ئەو توندوتیژییانەی کە دەکرێتە سەر ژنان جا لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت، گرنگە لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەی کەوا مافی مرۆڤی بە گشتیی تیادا پارێزراوە، هەوڵی بنبڕکردنی کلتووری توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان بدرێت، لەپێناو چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانیی و لێبووردەیی لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا، هەروەها دەبێت زیاتر ڕێز لە ماف و ئازادیی و تواناکانی ژنان بگیرێت بۆ ئەوەی ببن بەو وێنە ڕاستەقینەیەی کە لە ناو کۆمەڵگەماندا بوونییان هەیە.

شکۆدار بێت هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٨ی مارسی ٢٠٢٥


   ئەمانەش بخوێنەرەوە