عێراق کاتێکی دیکەی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دیاری کرد

2025-03-08  295 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت: "لە دوا قۆناغەکانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانداین و رەنگە ئەم مانگە هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە".
 
ئەمڕۆ شەممە، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند: "هەفتەی رابردوو کۆبوونەوە بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا. وا دیارە دەبێت کۆبوونەوەی دیکە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بکرێت. ئێستا لە دوا قۆناغەکانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانداین". 
 
باسم عەوادی دەڵێت: "سەرجەم بەربەستە گەورەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت لابراون. هەردوو لایەنی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوی کۆتایی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەدان کە ماون". 
 
لەبارەی کاتی هەناردەکردنەوەی نەوت، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە "بەگوێرەی زانیارییەکانمان و ئەو هەنگاوانەی گیراونەتەبەر، رەنگە لەم مانگەدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."
 
2ـی شوباتى 2025 پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتیى پەسند کرد کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کرد، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگایەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە