ئیسرائیل: ئەحمەد شەرع ماسکی فڕێدا؛ تیرۆریستێکی سەر بە قاعیدەیە
2025-03-08
189 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەبارەی ڕوداوەکانی ئەم دواییەی سوریا، کە دەسەڵاتدارانی نوێ ڕوبەڕوی ئەو جوڵانە دەبنەوە و دەڵێن پاشماوەی ڕژێمی پێشون، ڕایگهیاند، "ئهحمهد شهرع دەمامکەکەی داکەند و ڕوخساری ڕاستەقینەی دەرخست".
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا باسی لهوهشكرد، "ئەحمەد شهرع جلەکەی گۆڕی و ڕوخسارێکی میانڕهوی پێشکەش کرد، ئێستاش دەمامکەکەی داکەندوە و ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا کردوە، تیرۆریستێک لە قوتابخانەی قاعیدە کە کردەوەی ترسناک دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدات".
ئاماژهی بهوهشكردوه، ئیسرائیل "بەرگری لە خۆی دەکات لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە لە سوریاوە بێتە ئاراوە"، هاوکات بەڵێنیدا سوپا "بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ئەوەی باشوری سوریا بەبێ چەکی بمێنێتەوە".
هێزەکانی سوریا "دڕندەیی بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی عەلەوی" ئەنجام دەدەن
ئیسرائیل کاتز هۆشداریدا لە پەرەسەندنی توندوتیژی لە سوریا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانی سوریا "دڕندەیی بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی عەلەوی" ئەنجام دەدەن.
لە ڕۆژی پێنجشەممەوە ناوچەی کەناراوی سوریا شایەتی پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارە دڵسۆزەکانی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشوی سوریا بوە کە بە "توندوتیژین" ڕوداو دادەنرێت لە دوای ڕوخانی دهسهڵاتهكهی ئهسهد لە 8ی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوهوه.
ئهحمهد شهرع، سەرۆکی سوریا بۆ قۆناغی ڕاگوزهر له پهیامێكی ڤیدۆییدا جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە ڕاوەدونانی ئەو کەسانەی کە بە پاشماوەی ڕژێمی کەوتو وەسفی کردون و دەیانگەیەننە دادگای دادپەروەرانە.
داوای لە دەستدرێژکاران کرد پێش ئەوەی درەنگ بێت چەکەکانیان و خۆیان تەسلیم بکەن
ئاماژهی بهوهشكرد، "نامانەوێت خوێنی کەس بڕێژین"، داوای لە دەستدرێژکاران کرد پێش ئەوەی درەنگ بێت چەکەکانیان و خۆیان تەسلیم بکەن.
سەرۆکی سوریا جەختی لە لێپرسینەوەی هەر کەسێک کردەوە کە هێرش بکاتە سەر هاوڵاتیانی سیڤیلی بێ دیفاع و دەشڵێت، "گەلەکەمان لە کەناراوەکان لە ناوچەکانی پێکدادان بەشێکن لە بەرپرسیارێتی ئێمە و دەبێت بیانپارێزین".
ناوچەی کەنار دەریاکان نوێنەرایەتی تەحەددایەکی گەورەی ئەمنی دەکات بۆ سەرۆکی سوریا لە قۆناغی ئینتقالیدا، لەکاتێکدا هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵی خۆی چەسپێنێت.
دوای سێ مانگ لە ڕوخانی ئەسەد، هەوڵەکانی شهرع بۆ یەکخستنەوەی سوریا ڕوبەڕوی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، دیارترینیان پاشماوەی ڕژێمی پێشو و فراوانبونی ئیسرائیل لە ناوچەی پارێزراوی نێوان هەردو وڵات.
|