مەسرور بارزانی: پابەندین بە رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەتان

2025-03-08  115 جار خوێنراوەتەوە

بە بۆنەی هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەتان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکات و دەڵێت، پابەندن بە رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەتانی کوردستان. 
 
رۆژی شەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد: رێز و پێزانینی زۆرمان بۆ خەبات و تێکۆشان و رۆڵی دیاری ئافرەتانی کوردستان لە مێژووی گەلی کوردستاندا هەیە، کە هەمیشە نموونەی نیشتمانپەروەری و ئازایەتی و گیانفیدایی و قوربانیدان بوون."
 
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند: "جێی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی بەرچاو و کارایان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و پابەندیشین بە زیاتر رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان و بەرزکردنەوەی رێژە و ئاستی بەشدارییان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردن، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە تووندوتیژی و جیاکارییەک لە دژی ئافرەتان."  
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەشتی مارس پیرۆز بێت و هیوای پێشکەوتنی زیاتر بۆ ئافرەتانی کوردستان دەخوازم." 
 
دیاریکردنی رۆژی هەشتی مارس بە رۆژی جیهانیی ژنان دوای ئەوە دێت بۆ یەکەمجار یەکێتیی ژنانی دیموکرات لە پاریس لە ساڵی 1945 کۆنگرەیەکیان سازکرد. لەگەڵ ئەوەشدا مێژووی دیاریکردنی هەشتی مارس وەکو رۆژی جیهانیی ژنان ناکۆکی لەسەرە و هەندێک کەس پێیان وایە مێژووەکەی بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە لە ئەمریکا ژنانی کارکەر مانیان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان گرتووە.
 
دوای چەند ساڵێک لە هەوڵ و تێکۆشانی ژنان رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رازی بوو بەوەی ساڵانە رۆژێک بەو بۆنەیەوە دیاری بکات، بۆیە لە ساڵی 1977 داوای لە وڵاتان کرد رۆژێک بۆ یادکردنەوەی "رۆژی جیهانیی ژنان" دەستنیشان بکەن. لە ئەنجامدا زۆربەی وڵاتانی جیهان رۆژی هەشتی مارسیان بەو رۆژە دیاری کرد، ژنان لە سەرانسەری جیهاندا لەم رۆژەدا خۆپێشاندان و چالاکیی جۆراوجۆر دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە