نەیمار ئەستێرەی بەڕازیلی تووشی پێکان بووەتەوە؟

2025-03-03  160 جار خوێنراوەتەوە

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی دوای گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یانەی سانتۆسی بەرازیلی، ئاستێکی سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات و لە دوایین یارییدا گۆڵێکی دیکەی کرد، بەڵام دواتر یاریگای جێهێشت کە گومان دەکرا تووشی پێکان بووبێتەوە.
 
نەیمار گەڕاوەتەوە بۆ باشترین ئاستی خۆی لەگەڵ یانەی سانتۆس، کە لە یاری بەرامبەر براگانتینۆ گۆڵێکی سەرسوڕهێنەری بە لێدانی راستەوخۆ لە گۆشەیەکی زۆر زەحمەتەوە تۆمارکرد، لەو یارییەدا کە بە ئەنجامی 2-0 بردیانەوە. 
 
ئەم یارییە یەکێکی دیکە بوو لەو یارییانەی نەیمار لەگەڵ یانە نوێیەکەیدا لێهاتوویی خۆی پیشان دەدات، کە لە چوار یارییدا سێ گۆڵ و سێ ئەسیستیشی کردووە. 
 
دوای بەسەربردنی کاتێکی سەخت لەگەڵ پێکانەکانی یانەی هیلال، نەیمار بە گرێبەستێکی کورتخایەن گەڕایەوە بۆ یانەی سانتۆس، بەمتمانەوە یاری دەکات و چێژ بە هاندەران دەبەخشێت.
 
ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو بۆ هاندەرانی سانتۆس ئەوەبوو کە لە کاتی یارییەکەدا نەیمار هەستی بە کەمێک ناڕەحەتی کرد و وەک رێکارێکی خۆپارێزی لە یاریگاکەدا چووە دەرەوە و هەموو لایەکی نیگەران کرد و ترسی ئەوەیان لا دروستبوو نەیمار تووشی پێکان بووبێتەوە، بەتایبەتی کە زۆرترین جار تووشی پێکان دەبێت.
 
بەڵام نەیمار دواتر لە ریگەی سۆشیال میدیاوە هاندەرانی دڵنیاکردووەتەوە و رایگەیاند کە باشە و تەنیا دەیەوێت دوای یارییەکی وەها چڕ و پڕ وریا بێت. دڵخۆشە کە دوای ماوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەشکردنی باشترین ئاستی.
 
دەنگۆی ئەوە لە میدیاکاندا گەرمە کە نەیمار لە هاویندا بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، بەڵام بۆ ئێستا سەرنجی لەسەر چاکبوونەوەی و چێژوەرگرتنە لە کاتەکانی لەگەڵ سانتۆس.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە