لێدوانی مالیکی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق
2 کاتژمێر پێش ئێستا
206 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن، گوایە مالیکی بە ئەمریکای راگەیاندووە کە هەڵوێستی بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان چی دەبێت.
هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نوری مالیکی لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەکرێنەوە کە گوایە مالیکی ئەمریکای لە هەڵوێستی بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان ئاگادار کردبێتەوە ئەگەر ببێتە سەرۆک وەزیران، ناڕاستن."
لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە نوری مالیکی لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە پەیامی بۆ ئەمریکا ناردووە کە ئەگەر ببێتەوە سەرۆک وەزیران، ئەوا بابەتی گرووپە چەکدارەکانی عێراق چارەسەر دەکات و چەکیان لێ دادەماڵێت و تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانیان دەکات.
روکابی دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئەو قسانە هەڵبەستراون، ئەوەی بڵاودەکرێتەوە هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و داپۆشینی هەندێک رەفتاری نەخوازراو لەو بارەیەوە".
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە، مالیکی پێشتر دوو خول سەرۆک وەزیران بووە.
|