تۆم باراک: بە دەستی خۆمان عێراقمان پێشکەشی ئێران کرد
2 کاتژمێر پێش ئێستا
20 جار خوێنراوەتەوە
نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ پەیامی نوێی بۆ عیراق هەیە و دۆخی ئێستای حکوومەتی عێراق بە نموونەیەکی شکستخواردوو وەسف دەکات و دەڵێت دەبێت ئەمەریکا وانەی لێ وەربگرێت
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا پەردەی لەسەر هەڵە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق هەڵدایەوەو رایگەیاند سیاسەتی ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا بۆ عێراق هەڵە بوووەو جەختی لەوەشکردەوە وڵاتەکەی "بەردەوام دەبێت لە گوشار خستنەسەر عێراق" بۆ سنووردارکردنی چالاکیی گرووپەکانی سەر بە ئێران، کە مەترسین بۆسەر "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق.
نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند؛ "سیاسەتی ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا بووە هۆی بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا و دروستبوونی "بۆشایی دەسەڵات" لە عێراقدا، دەرفەتی زێڕینی بە تاران بەخشی کە ئەو بۆشاییەی پڕکردەوە."
سەبارەت بە سیستەمی سیاسیی عێراق، تۆم باراک دەڵێت: "ئێمە هەڵەیەکی گەورەمان کرد کە لە ئەنجامدا کاریگەری و هەژموونی زیاتری بەخشییە میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەناو پەرلەماندا."
نوێنەرەکەی سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وتی: "سوودانی پیاوێکی لێهاتووە، بەڵام دەسەڵاتی هیچی نییە."
باراک هۆکاری بێ دەسەڵاتیی سوودانی گەڕاندەوە بۆ هەژموونی هێزەکانی حەشدی شەعبی و نوێنەرەکانیان لە پەرلەمان، کە بە وتەی ئەو "ڕێگرن لەبەردەم پرۆسەی سیاسی و ناهێڵن سوودانی هیچ هاوپەیمانێتییەکی کاریگەر پێکبهێنێت."
بەرپرسە ئەمەریکییە بە نائومێدییەوە باسی ئەوەی کرد، واشنتن لە ماوەی 20 ساڵ، ترلیۆنان دۆلاری لە عێراق خەرج کرد، بەڵام دەرەنجامەکەی باش نەبوو و ئێستا ئەستەمە بتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.
|