شارەوانی سلێمانی کاندید و حزب و لایەنەکان ئاگادار دەکاتەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  24 جار خوێنراوەتەوە

دوای نزیکەی مانگێک بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، هێشتا بەشێک لە ریکلام  و پۆستەری کاندید و حزب و لایەنەکان لە شەقامەکانی سلێمانی ماون و وتەبێژی شارەوانی سلێمانیش دەڵێت: بڕێکی زۆر کەم ریکلام و پۆستەر هێشتا لێنەکراونەتەوە و داوا دەکەین لێیانبکەنەوە.

 زەردەشت رەفیق لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بەمیدیاکانی راگەیاند: بەپێی بەدواداچوونەکانمان ژمارەیەکی زۆر کەم ریکلام و پۆستەری کاندید و حزب و لایەنەکان هێشتا لە شەقامەکانی سلێمانی و قەزا و ناحییەکان دەبینرێن و لە چەند رۆژی داهاتوودا بە رەسمی داوا لە کاندید و لایەنەکان دەکەین لێیان بکەنەوە.

راشیگەیاند:دەبێت دوای مانگێک بەسەر هەڵبژاردندا سەرجەم کاندید و حزب و لایەنەکان ئەو ریکلام و پۆستەرانەی لە ماوەی بانگەشەدا هەڵیدەواسن لایبەرن، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی کەم ریکلام و پۆستەری بانگەشە هێشتا لانەبراون و سەرۆکایەتی شارەوانیش وەک ئەرکی خۆی ئاگاداریان دەکاتەوە، کە ریکلام و پۆستەرەکانیان لاببەن.

 ئاماژەی بەوەشدا لە دوای ئاگادارکردنەوەمان هەر کاندید و حزب و لایەنێک ریکلام و پۆستەرەکانیان لانەبەن، وەک سەرۆکایەتی شارەوانی لیژنەیەک بۆ کۆکردنەوەی ئەو ریکلام و پۆستەرانە پێکدەهێنین و لایاندەبەین و هاوکات تێچووی لێکردنەوەکان لە کاندید و حزب و لایەنەکان وەردەگرین.

هاوکات ئەمڕۆش لە پارێزگای کەرکوک لێکردنەوەی ریکلامی شەقامەکان دەستیپێکرد و پارێزگاری کەرکوکیش رایگەیاند: پێویستە کاندید و حزب و لایەنەکان لە ماوەی یەک مانگدا پۆستەرەکانیان لێبکەنەوە، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسا سزادەدرێن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە