عێراق حیزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی خستنە لیستی تیرۆرەوە

5   کاتژمێر پێش ئێستا  142 جار خوێنراوەتەوە

حکومەتی عێراق بڕیارێکی چاوەروان نەکراوی دەرکرد و حیزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەنی بە فەرمی خستنە لیستی تیرۆرەوە

رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لە نوێترین ژمارەی خۆیدا، پۆلێنکردنی هەریەک لە گرووپی حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی لەنێو لیستی تیرۆردا بڵاوکردەوە.

 ژمارە 4 هەزارو 848ی رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لەلایەن وەزارەتی دادی عێراق بڵاوکرایەوە، رێککەوتی 17ی تشرینی دووەمی 2025 لەسەرە، کە تێیدا پاڵپشت بە بڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان لە نووسینگەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەریەک لە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکان لە یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان، خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.

 بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم نوێکردنەوەیە لە چوارچێوەی دیاریکردنی ئەو قەوارە و کەسانەدایە، کە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان دەیانگرێتەوە.

 لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، ناوی ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام، بۆ ئەحمەد حوسێن شەرع گۆڕدراوە.

 موڕاد ساعیدی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاندووە وەزارەتی داد هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیارەکانەوە نییە، بەڵکو ئەو بڕیارانەی لەلایەنە فەرمییەکانی دەوڵەت دەردەچن لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێنەوە و دواتر دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

ئەم هەنگاوەی بەغدا بە نوێترین رێکار دادەنرێت لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی لیستەکانی تیرۆر و جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە