مه‌سعود بارزانی: ئومێدمان وایه له‌گه‌ڵ هەندێك لایه‌نی دڵسۆز رێككه‌وتن بكه‌ین
23 کاتژمێر پێش ئێستا
194 جار خوێنراوەتەوە
مه‌سعود بارزانی، ڕایگه‌یاند، دوای 2003 هه‌وڵیاندا پێكه‌وه عێراقێكی نوێ بنیاد بنێن، ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق نوسرا و زۆربه‌ی كێشه‌كان له وێدا چاره‌سه‌رییان بۆ دانرا، پێیانوابو ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ستوره جێبه‌جێ بكرێت عێراق له زۆربه‌ی كێشه‌كان رزگاری ده‌بێت، به‌ڵام نه‌كرا، ئێستاش "ئومێدمان وایه دوای ئه‌و هه‌ڵبژاردنه، له‌گه‌ڵ هەندێك لایه‌نی دڵسۆز رێككه‌وتن بكه‌ین و عێراق له‌م میحنه‌ته رزگار بێت".
ئه‌مڕۆ شه‌ممە له شاری دهۆك، مه‌سعود بارزانی، له‌گه‌ڵ ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی پارێزگای دهۆك كۆبوه‌وه، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بارزانی وتارێكی پێشكه‌شی ئاماده‌بوان كرد و تیشكی خسته سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێكی په‌یوه‌ست به دۆخی ئێستا و ئایینده‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
مه‌سعود بارزانی لە کۆبونەوەکەدا له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، ڕایگه‌یاند، "هه‌ڵبژاردن پڕۆسه‌یه‌كی زۆر گرنگه و تێیدا خه‌ڵك بڕیار له چاره‌نوسی خۆی ده‌دات و ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت میلله‌ت ئازاد بێت و به ئازادی بڕیاری خۆی بدات، هه‌رچه‌نده به لای پارتییه‌وه هه‌ڵبژاردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆست نییه به قه‌د ئه‌وه‌ی كه ده‌مانه‌وێت هێز و ده‌نگی پارتی به هه‌مو لایەک نیشان بده‌ین و به‌و هێز و ده‌نگیشه‌وه به‌رگری له مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و عێراق بكه‌ین".
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، "دوای 2003 هه‌وڵماندا پێكه‌وه عێراقێكی نوێ بنیاد بنێین، ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق نوسرا و زۆربه‌ی كێشه‌كان له وێدا چاره‌سه‌رییان بۆ دانرا، پێمان وابو ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ستوره جێبه‌جێ بكرێت عێراق له زۆربه‌ی كێشه‌كان رزگاری ده‌بێت، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌وه‌ش نه‌كرا، ئێستاش ئومێدمان وایه دوای ئه‌و هه‌ڵبژاردنه، له‌گه‌ڵ هەندێك لایه‌نی دڵسۆز رێككه‌وتن بكه‌ین و عێراق له‌م میحنه‌ته رزگار بێت".
بڕیاره‌ی 11ی ئه‌م مانگه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، پارته سیاسیه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و عێراق كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی ده‌كه‌ن.
|