زەوی بەسەر ژمارەیەکی دیکەی پێشمەرگە دابەشدەکرێت

7   کاتژمێر پێش ئێستا  46 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێێدا هاتووە، ناوی ژمارەیەکی دیکەی سوودمەندبووانی پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی زەوی لە هەولێر و دەورووبەری ئاشکرا دەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ناو و لیستی ئەو پێشمەرگانەی ئەمجارە سوودمەند دەبن، ڕەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت و ناوەکان لە ڕێگەی لیژنەی وەرگرتنی زەوی، بۆ یەکە سەربازییەکان رەوانە دەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەفسەر و پێشمەرگەکان دەتوانن سەردانی یەکەکانی خۆیان بکەن، یان لە کاتی هەبوونی هەر کێشە و گرفتێک، سەردانی لیژنەی وەرگرتنی زەوی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن.

یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەربەست مەولوود، بەرپرسی بەشی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی لەسەر پێدانی شەش هەزار و 300 پارچە زەوی بە هێزەکانی پێشمەرگە نیشان داوە، کە هەموویان سەر بە یەکەکانی 70 و 80ـن. 

ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەو ناوانەی کە بە لیست هاتوونەتەوە، بە گوێرەی کارتی زانیاری، شوێنی نیشتەجێبوون و بە پێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جیا دەکرێنەوە، لە لایەن شارەوانییەوە نووسراویان بۆ دەکرێت، دواتر ڕەوانەی شارەوانییە پەیوەندارەکان دەکرێت بە مەبەستی تەرخانکردنی زەوی بۆیان.

باسی لەوەش کردبوو، مەرجی پێدانی زەوی بە هێزەکانی پێشمەرگە هاوشێوەی مەرجی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، دەبێت سوومەندبووەکە خزمەتی کەمتر نەبێت لە هەشت ساڵ، هاوکات نابێت پێشووتر سوودمەند بوبێت، ئینجا پارچە زەوییەکی 200 مەتری پێدەدرێت. 

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی. بڕیارەکەش لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە