دەست بە فرۆشتنی موڵکەکانی شاسوار عەبدولواحید دەکرێت

2025-09-28  295 جار خوێنراوەتەوە

 لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە پڕۆسەی فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرای موڵکەکانی (کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری - هاوپشکی تایبەت) لەبەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و وەزارەتی دارایش رایدەگەیەنێت" ژمارەیان 60 موڵکە و بە مەبەستی گەڕانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیاکەیە".

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە: لە رۆژی 5ی10ی2025 وە پڕۆسەی فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرای موڵکەکانی ( کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری - هاوپشکی تایبەت ) لەبەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

 پەیوەست بە ژمارەی موڵکەکان و هۆکاری فرۆشتنەوەیان، وەزارەتەکە رایگەیاندووە: ژمارەیان 60موڵکە، بەمەبەستی گەڕانەوەی قەرزەکانی بانکەکانی سەر بەوەزارەتمانە کە بڕەکەی 91 ملیار و 760 ملیۆن و660 هەزار و 350 دینارە و سەرجەم موڵکەکانیش بەیەک پاکێج دەفرۆشرێن.

لە کۆتایشدا، وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، کە بەشدار دەبن لە پڕۆسەی زیادکردنەکە، هەر کەس و لایەنێک دەیەوێت بەشداری لە پڕۆسەی زیادکردنەکەدا بکات، دەتوانێت لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بکات بەمەبەستی دەستخستنی زانیاری و ئەنجامدانی ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە