عێراق: هەڕەشەکانی نەتەنیاهوو قبووڵکراو نین

2025-09-27  397 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق وتەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە عێراق رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "قبووڵکراو نین."
 
د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەڵوێستی عێراق لەسەر لێدوانەکانی ئەمڕۆی نەتەنیاهوو لەبارەی عێراق رایگەیاند، قسەکانی نەتەنیاهوو "رەتکراوەن و قبووڵکراو نین."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، "هێرشکردنە سەر هەر عێراقییەک، هێرشکردنە بۆسەر هەموو عێراق."
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی، لە شاری نیویۆرک لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کرد.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نەخشەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پیشانی ئامادەبووانی هۆڵەکە دا و ئەو شوێنانەی ئیسرائیل پێیوایە لە بەرەی ئێراندان، لەسەر نەخشەکە بە سوور رەنگ کرابوون.
 
لەگەڵ باسکردنی هەر سەرکردەیەک، نەتەنیاهوو بە پێنووسێک لەسەر نەخشەکە نیشانەیەکی بەسەر ناوچەکەیدا دەهێنا.
 
دواتر هاتە سەر عێراق و وتی، "ئەو میلیشیایانەی لە عێراق کە لەم کاتەدا پێشیان لێگیراوە، ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، سەرکردەکانی ئەوانیش دەڕۆن."
 
20ی ئابی 2025، حوسێن موسەوی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا و گوتەبێژی بزووتنەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڕەشەی راستەقینە و بەردەواممان لەسەرە. زانیاریمان لەبارەی هێرشکردنە سەر هێزەکانمان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەدەست گەیشتووە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە